نزیکەى ١٥٠٠ خێزان لە ئاوارەکانى عەفرین بۆ زێدى خۆیان گەڕانەوە

ئەمڕۆ شەشەمین و گەورەترین کاروانی ئاوارەکانی عەفرین کە لە ١٥٠٠ خێزان پێکهاتووە، لە هەرێمی جزیرەوە بەرەو زێدی خۆیان گەڕانەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٦، کاروانێکی نوێ کە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ خێزانی ئاوارەبووى خەڵکی عەفرین بوون، کە لە شارەکانی قامیشلۆ، عامودا و دێریک لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بوون، بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکەوتن.

ئەم خێزانانە چەند رۆژێک پێشتر دەستیان بە ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەیان کردبوو و رۆژی پێشتر لە یاریگای ١٢ی ئازار لە قامیشلۆ کۆبونەوە و دەستیان بە گەشتەکەیان کرد بۆ گەڕانەوە بۆعەفرینى زێدى خۆیان.

ئەم گەڕانەوەیە بۆ عەفرین لە چوارچێوەی رێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سوریا دێت، کە ئامانجی ئاسانکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بۆ ماڵ و زەوییەکانیانە.

ئەمە شەشەمین کاروانە کە لە جزیرە و کۆبانێوە دەگەڕێنەوە، هاوکات کاروانى دیکە کە لە هەزاران کەس پێکهاتوون ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوە لە ماوەی داهاتوودا.




PM:06:53:21/05/2026