خورشید هەرکی: هەوڵی تیرۆرکردنم دراوە

‌ئەرشیف، خورشێد هەرکی

کەسایەتی دیاری عەشیرەتی هەرکی، خورشید هەرکی رووبەڕووی هێرش بوەتەوە و وەک خۆی ئاشکرایکردوە هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە و ئەوکەسەی لە پشت هەوڵی تیرۆرکردنەکەوەیە "کەسێکی دەست ڕۆیشتووە".

پێنج شەممە، ٢١ ئایار ٢٠٢٦، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان سەبارەت بە رووداوەکە، خورشید هەرکی رایگەیاند "هەفتەیەکە هەستم بەکۆمەڵێک جموجوڵی گوماناوی کردبوو، پەیوەندیم بە دامودەزگا ئەمنییەکان و خودی بارزان قەساب بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر کردووە و سەرجەم مەترسییەکانم بۆ باسکرد، بەڵام هیچ لێپێچینەوەیەکیان نەکرد".

"پلاندانەرێک کە کەسێکی دەستڕۆیشتووە پلانی کوشتنی منی داڕشتووە و کەسێکیشی بۆ تیرۆرکردنەکە ڕاسپاردبوو، پێی گوتبوو 'لە پاش کارەکە دەیباتە دەزگای پاراستن و گەورەترین پێشوازی لێدەکرێت'، چەند جارێک هەوڵی تیرۆرکردنم دراوە، بەڵام دەرفەتیان بۆ دروستنەبووە تیرۆری بکەن، پلانەکە وابووە دوای خۆی حەیدەری براشی تیرۆر بکەن"، خورشید هەرکی وا دەڵێت.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان خورشید هەرکی وتویەتی "ئەو کەسەی ڕاسپێردراوە تیرۆری بکات هەر خۆی دەستگیری کردووە ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی کردووە، لەبەردەم دادوەر دانی بە تاوانەکەی ناوە و ناوی پلاندانەرەکەشی ئاشکراکردووە، پلاندانەرەکەش چووەتە بەردەم دادوەر بەڵام بە کەفالەت ئازادکراوە".

خورشید هەرکی کەسایەتییەکی دیاری هۆزی هەرکییە، لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٥ بەهۆی کێشەیەکی زەوی و زار لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی هەولێر تووشی پێکدادانی چەکداری بوو، لە هەردوولا ٢ کەس کوژران و ٥ دیکە برینداربوون، پاشان بەنێوەندگیری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێکهێنرا و ئەوکات وا بڵاوکرایەوە کە کێشەکە چارەسەر بووە.




PM:11:43:21/05/2026