کەشناسێک: لە یەکەم ڕۆژی جەژنەوە گەرمای هاوینەیی دەست پێدەکات


شارەزای کەشناسی، ئاراز جەبار پێشبینییە کەشناسیەکانی خۆی بۆ ڕۆژانی دوای ٢٣ـی ئایار بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "لەهەفتەی داهاتووەوە ٢٣ی مانگ پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و کە ئەمەش بەچەند قۆناغێک دەستپێدەکات ٢٣ بۆ ٢٨ ی مانگ کە لەو مەودایەشدا جاروبار هەوای فێنکی لاواز دێتەوە بەرز و نزمی ئەبێت رۆژانە".

ئاراز جەبار، پێنج شەممە، ٢١ ئایار ٢٠٢٦، رایگەیاند "لە ٢٨ی مانگەوە گەرمایی هاوینەیی لە زۆربەی ناوچەکان دەستپێدەکات بەتایبەت ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک پلەکانی گەرما بۆ سنوری چلەکان بەرزدەبنەوە و بەهەمان شێوە جاروبار بارستە هەوای کەمتر فێنک دێتەوە هەندێ نزمبوونەوە لە پلەکانی گەرما ڕووئەداتەوە".

لەبارەی ئەگەری دووبارە باران بارین ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات کە "بەگشتی پێشبینیەکان بۆ مانگی شەشی داهاتوو بۆ پلەکانی گەرما چاوەروان دەکرێت لە ئاستی ئاسایی خۆیدا بێت واتا گەرمتر نابێت لەئاسایی، لەگەڵ ئەگەری حاڵەتی لاوازی باران و هەورە بروسکە و هاتنی بارستە هەوای فێنک لەهەندێ کاتی ئەو مانگەدا، بەڵام بەگشتی وەرزی باران و شەپۆلەکانی بارانبارین کۆتاییان هاتووە و لەمەودوا بارانبارینەکان لاواز ئەبن".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو تاوە باران بەشێک لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە.

ئەنجومەنی دادی سعودیە پێشتر بڵاویکردبوەوە کە "٢٨ ئایار یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە"، بۆیە بەپێی پێشبینییەکانی ئاراز جەبار، یەکەم رۆژی جەژن گەرمای هاوین دەست پێدەکات.




AM:12:23:22/05/2026