پۆلیسی دارستان و ژینگە ١٠ بەچکە ئاسک دەگەڕیننەوە بۆ ناو سروشت

‌وێنەی بەچکە ئاسکەکان

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو لە سنووری گەرمیان، هاوڕێ جەلیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد ئەو ژمارە بەچکە ئاسکە تەمەنیان لە نێوان ٣ بۆ ١٥ ڕۆژدایەوە و "راوچییەکان هەڵهاتوون".

هەینی، ٢٢ ئایار ٢٠٢٦، هاوڕێ جەلیل سەبارەت بە ئاشکرابوونی راوچییەکان رایگەیاند "پۆلیسی سنوور کە کامێرای گەرمیبینیان هەیە ئێمەیان لە راوچییەکان ئاگادار کردەوە، بەڵام ئەوانیش دووربینیان پێیە و زانیویانە پۆلیسیان بۆ دەچێ بەچکەکانیان جێهێشتووە و هەڵاتوون".

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو  وتیشی "کۆمەڵێک راوچی هەن کە ویژدانیان نییە، ساڵانە کاریان ئەوەیە تەنیا بەچکەی ئاسک راو بکەن و بازرگانی پێوە بکەن، بەهۆی ئەوەی راوچییەکان هەڵاتوون، نازاندرێت بەچکەکان لەکوێ هەڵگیراونەتەوە تاوەکو ببرێنەوە بۆ دایکیان".

لەبارەی گەرانەوەی بەچکە ئاسکەکان بۆ ناو سروشت هاوڕێ جەلیل دەشڵێت "یەکێک لە بەچکەکان لەکاتی فڕێدان قاچی شکاوە تاوەکو چاکدەبێتەوە لای خۆمان دەبێ، ٩ بەچکەکەی دیکەمان بردووەتەوە بۆ ئەو سنوورەی هەڵگیراونەتەوە بۆ ئەوەی دایکیان بچن و بیانبەنەوە". 

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو ئاماژەی بەوەشکرد کە "چاودێری بەچکەکان دەکەین، هەر بەچکەیەک دایکی نەیباتەوە ناهێڵین تەنیا بێت و دەیهێنینەوە لای خۆمان گەورەی دەکەین و دواتر دەیگەڕێنینەوە بۆ سرووست".




PM:08:24:22/05/2026