مەسرور بارزانی بەسەردانێک گەیشتە بەغدا

ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەت ( وەزیرەکان هەموویان پارتی بوون ) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێکەوت.

لە سەردانەکەیدا کە دوو رۆژ دەخایەنێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی فیدراڵ؛ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەی هێزە سیاسییەکانی شیعە و سوننە کۆدەبێتەوە، کە کاریگەرن لە گۆڕەپان و پرۆسەی سیاسیی عێراق.

بە گوێرەی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکاندا، وێڕای گفتوگرکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، تاوتوێ دەکرێت.

بە پێی زانیارییەکانی سپی، لە چوارچێوەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، بڕیارە لەسەر چەندین تەوەری جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆ بکرێت کە گرنگترینیان سێکتەرەکانی وزە، کارەبا و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدادن.

لەم دیدارەدا پرسی پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نوێی نەوت و گازی عێراق دەخرێتە بەرباس، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی ١٢٠ ملیارەکە و ڕوونکردنەوەی پشکی شایستەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا.

هاوکات پرسی سەرژمێری گشتی لە هەرێمی کوردستان وەک پێوەرێکی سەرەکی بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێم تاوتوێ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی بوونی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە هەرێمدا، بابەتی فرۆشتنی کارەبا بە حکومەتی ناوەندی عێراق یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان.




AM:11:24:23/05/2026