فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگەی مەدەنی لەپەیامێکی هاوبەش و کراوەدا داوادەکەن "پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکا لەسەر ئاستی باڵای دامەزراوەیی، داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات".
لەپەیامەکەدا کە
ئاراستەی ئەمریکا، ئەوروپا، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرجەم حیزبەکانی کوردستان و رای
گشتی جیهان کراوە هەروەها هاتووە "داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار
پارچەی کوردستان دەکەین، بێدەنگی بشکێنن و یەکدەنگ بن لە دژی هەر جۆرە گوتارێکی ڕەگەزپەرستانە
کە دژی کورد بەکار دەهێنرێت. پێویستە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی
حیزبی".
دەقی پەیامەکە:
پەیامێکی کراوە و هاوبەش
بۆ
- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
- یەکێتیی ئەورووپا
- سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان
- حزبەکان لە هەموو کوردستان
- ڕای گشتیی جیهانی
بەڕێزان..
ئێمەی گەلی کورد لە
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێك لە کۆنترین و ڕەسەنترین نەتەوەکانی سەر ئەم زەوییەین.
مێژووی ئێمە تەنها چەند سەدەیەک نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران
ساڵ پێش ئێستا، ئەو کاتەی مرۆڤایەتی لەم ناوچەیەدا یەکەمین هەنگاوەکانی شارستانیەتی
ناوە. جوگرافیای کوردستانی گەورە، کە لە زنجیرە چیاکانی قەوقاز و بەرزاییەکانی ئازەربایجانەوە
دەست پێ دەکات و بە ناو جەرگەی چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆسدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە پێدەشتەکانی
حەمرین، و لە هەمەدان و تەبرێزەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بەرزاییەکانی جۆلان و حەلەب و
کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، شاهیدی ئەوەیە کە ئێمە بەشێکی سەرەکی و بزوێنەری مێژووی
ئەم ناوچەیە بووین. ئێمە هەمیشە وەک گەلێکی ئاشتیخواز شانبەشانی نەتەوەکانی دیکە ژیاوین
و جێدەستی ئێمە بەسەر کۆی پڕۆسەی گەشەکردنی مرۆییەوە لە ڕووی زانستی، فەلسەفی، سیاسی
و کۆمەڵایەتییەوە دیار و بەرچاوە.
گەلی کورد لە مێژووی
نوێدا، بەتایبەتی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، گەورەترین زوڵمی مێژوویی
لێ کراوە. لەو کاتەی نەخشەی نوێی جیهان دادەڕێژرا و مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ زۆربەی
نەتەوەکانی ناوچەکە دەستەبەر دەکرا، بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتانی
زلهێز و هاوکێشە ئیقلیمییەکان بوونە ڕێگر لەوەی کورد ببێتە خاوەنی کیانی نێودەوڵەتی
و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی. بەپێچەوانەوە، گەلی کورد وەک میراتی دەوڵەتی عوسمانی بەسەر
چەند دەوڵەت-نەتەوەیەکی ناوچەکەدا دابەش کرا، کە زۆربەی ئەو دەوڵەتانە لەسەر بنەمای
نەتەوەپەرستیی توندڕەو دامەزرابوون. لەو ساتەوە، ناسنامەی کوردی ڕووبەڕووی سڕینەوە
بووەتەوە و هەمیشە وەک نەتەوەیەکی "پلە دوو" مامەڵەمان لەگەڵ کراوە. مافە
سەرەتاییەکانمان لەسەر خاک و ئاوی خۆمان پێشێل کراوە. ژن، منداڵ، پیر و گەنجی ئێمە
بوونەتە قوربانیی گرتن، ئەشکەنجەدان، زیندانیکردن و جینۆسایدە یەک لە دوای یەکەکان.
بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و کۆکوژ لە دژی خەڵکی سڤیلی ئێمە، پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچەوانی
مێژووی مرۆڤایەتییەوە، کەچی زۆرجار وڵاتانی زلهێز لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە
کاتییەکانی خۆیان، چاویان لە ئاست ئەم هەموو تاوانانە داخستووە.
لە ململانێ سیاسییەکاندا،
کورد هەمیشە وەک کارتی فشار یان وەک هاوپەیمانێکی کاتی بەکار هێنراوە. هەر کاتێک بەرژەوەندیی
وڵاتانی مەزن وا پێویستی کردبێت، باسی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییان بۆ کورد کردووە،
بەڵام کاتێک ململانێکان کۆتاییان هاتووە، کورد وەک قوربانییەک لەبەردەم دەسەڵاتە
ستەمکارەکاندا جێ هێڵدراوە. سەرەڕای ئەم هەموو ناپاکی و نادادییە، کورد هەرگیز نەبووەتە
سەرچاوەی ترس و تیرۆر بۆ جیهان. بەپێچەوانەوە، ئێمە سەلماندوومانە کە هێزی هەرە
کاریگەرین لە تێکشکاندنی توندڕەوی و تیرۆری نێودەوڵەتی. پێشمەرگە و شەڕڤانانی کورد
لە جیاتی هەموو جیهان جەنگی داعشیان کرد و سنووریان بۆ تاریکی دانا، ئەمەش نیشانەی
ئەوەیە کە کورد کلیلی چارەسەری ئاشتییانە و سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە کاتی زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی
نێوان (ئەمریکا-ئیسرائل-ئێران)، جارێکی دیکە گەلی کورد بووەوە بە قوربانیی سەرەکی.
لە ڕووی ماددی، مەعنەوی، ئابووری و سیاسییەوە زۆرترین زیانمان بەرکەوت، لە کاتێکدا
ئێمە وەک نەتەوە لایەنگیری هیچ جەمسەرێکی ئەو شەڕە نەبووین. ئەوەی ئازارەکەی دوو هێندە
کرد، لێدوانەکانی (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا)یە. ناوبراو لە چەندین بۆنە و
چاوپێکەوتندا بە شێوەیەکی دوور لە عورفی دیپلۆماسی و سیاسی، وەسفی کوردەکانی کرد.
تۆمەتبارکردنی نەتەوەیەک کە ژمارەیان لە جیهاندا نزیکەی ١٠٠ ملیۆن کەسە، بەوەی کە
"تەنها بۆ پارە شەڕ دەکەن" یان "چەکیان بردووە بۆ خۆیان"،
سووکایەتییەکی گەورەیە بە مێژوو و قوربانییەکانی ئەم گەلە. ئەم جۆرە لێدوانانە لەسەر
زاری سەرکردەی وڵاتێک کە خۆی بە پارێزەری دیموکراسی دەزانێت، زۆر مەترسیدارە.
ئەم جۆرە گشتاندنە لە
قسەکردندا، تەنها سووکایەتی نییە، بەڵکو ڕێگەخۆشکردنە بۆ دوژمنانی کورد تا جارێکی
دیکە دەستیان بۆ جینۆسایدکردنی ئێمە بچێتەوە. لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەم
گوتارانە پێشێلکردنی ڕوونی "ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی
جیاکاریی ڕەگەزی(ICERD)"ە. بەتایبەتی
ماددەی چوارەمی ئەو ڕێککەوتننامەیە دەوڵەتان پابەند دەکات بە قەدەغەکردنی هەر جۆرە
پڕوپاگەندەیەک کە سووکایەتی بە گرووپێکی ئیتنی بکات. هەروەها ئەمە پێشێلکردنی ماددەی
٢٠ی "پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR)"ە، کە هاندانی ڕق و کینەی نەتەوەیی بە تاوان دەناسێنێت.
ناکرێت سەرۆکی وڵاتێکی
وەک ئەمریکا، کە هاوپەیمانی سەربازیی ئێمە بووە لە دوای ٢٠٠٣ لە جەنگی عێراق و لە جەنگی دژی داعشدا، بەم شێوەیە
مامەڵە لەگەڵ کەرامەتی نەتەوەیەکدا بکات. ئەگەر کێشەیەک لە ڕادەستکردنی چەک بە هێزێکی
دیاریکراو هەبووە، پێویستە ناوی ئەو لایەنە بهێنرێت، نەک هەموو گەل تۆمەتبار بکرێت.
ئێمە وەک کۆمەڵێک ڕێکخراو
و کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان، هەمیشە هەوڵمان داوە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی
بچەسپێنین. بەردەوام ڕەخنەمان لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆ گرتووە و داوای ڕێزگرتن لە یاسامان
کردووە. بەڵام جێی داخە کە زلهێزەکان هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان، پشتگیرییان
لەو لایەنە سیاسییانە کردووە کە هۆکاری بێکاری، نادادی و بێمووچەیی خەڵکی
کوردستانن. ئێمە لێرەدا نیگەرانیی قووڵی خۆمان لە ئاست بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی
کوردستان و حیزبە کوردییەکان دەردەبڕین. پێویست بوو ئەوان بە فەرمی و بە توندی وەڵامی
ئەو تۆمەتانەی ترەمپیان بدایەتەوە، نەک بابەتەکە بۆ ململانێی ناوخۆیی و حیزبی بەکار
بهێنن. بێدەنگی لە ئاست سووکایەتیکردن بە نەتەوە، نیشانەی لاوازیی سیاسی و بێباکی
پێشاند دەدات بەرامبەر بە کەرامەتی نیشتمانی.
بۆیە ئێمە وەک نوێنەری
بەشێک لە ڕای گشتیی کوردستان، ئەم داواکارییانە ئاڕاستە دەکەین:
یەکەم: پێویستە ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی باڵای دامەزراوەیی، داوای لێبوردن لە گەلی کورد
بکات. ئەو ناوزڕاندن و بێڕێزییەی بەرامبەر بە کورد کراوە، پێویستە ڕاست بکرێتەوە و
بە ڕوونی ئاماژە بەوە بکرێت کە کورد هاوبەشێکی ستراتیژی و گرنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە،
نەک کۆمەڵێک "بەکرێگیراو".
دووەم: داوا لە حکومەتی
هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێم دەکەین، لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە هەڵوێستێکی
فەرمی و جدییان هەبێت. ناکرێت لە ئاست سووکایەتیکردن بە شکۆی نەتەوەیی بێدەنگ بن.
سێیەم: داوا لە هەموو
لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین، بێدەنگی بشکێنن و یەکدەنگ بن
لە دژی هەر جۆرە گوتارێکی ڕەگەزپەرستانە کە دژی کورد بەکار دەهێنرێت. پێویستە بەرژەوەندیی
باڵای نەتەوەیی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی.
چوارەم: داوا لە وڵاتانی
ئەورووپا، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەو کەسایەتییە جیهانییانە دەکەین کە دۆستی
کوردن، بێنە دەنگ. بێدەنگی لە ئاست تاوانبارکردنی میللەتێکی ستەملێکراو، دەبێتە هۆی
شەرعیەتدان بە زوڵمی زیاتر. ئێمە داوا دەکەین ڕێز لە مێژوو و قوربانییەکانی کورد
بگیرێت و وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت.
ئەم پەیامە دەنگی هەزاران
مرۆڤی خەمخۆر و ئازادیخوازە کە دەیانەوێت ڕاستییەکان بگاتە جیهان. ئێمە چاوەڕێی وەڵامی
جدی و کردەیی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین تاوەکو چیتر کەرامەتی نەتەوەیەک نەبێتە
قوربانیی یارییە سیاسییەکانی سەرکردە بێباکەکان.
فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگەی مەدەنی
٢٣ ئایاری ٢٠٢٦