ناوەڕۆکی کۆبونەوەی مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی بڵاوکرایەوە

‌وێنەیەک لە کۆبونەوەکە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، راگەیاندراوێکی سەبارەت بە کۆبونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "بەڕێز عەلی فالح زەیدی، پابەندبوونی حکومەت بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسە تەکنیکییەکان دووپات دەکاتەوە".

شەممە، ٢٣ ئایار ٢٠٢٦، سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتی وڵات و پرسە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان و جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی کە لە هەرێم کاردەکەن کرا و جەختکرایەوە لەسەر ڕەخساندنی دەرفەتی هەماهەنگی بەرز و هاوکاری لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پرسە تەکنیکیانە و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی بە پێی یاسا و دەستوور".

سەبارەت بە هەڵوێستی، عەلی زەیدی لە کۆبونەوەکەدا، ئاماژە بەوەکرایەوە "بەڕێزیان جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونی بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسەکان بەشێوەک لەگەڵ دیدگای حکومەت بگونجێت، بە ئامانجی خزمەتکردنی هاوڵاتیان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە".

"لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پیرۆزبایی خۆی بۆ بەڕێز زەیدی نوێ کردەوە، بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هاوکات پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کابینە وەزارییەکەی دەربڕی و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە تەکنیکییەکان بەشێوەیەکی هەمیشەیی و بە پێی دەستوور" لە راگەیاندراوەکەدا وا هاتووە.

هەر سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا هاتووە "له‌ کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزباییی دەستبەکاربوون لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و دەربڕینی پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی حکومەتەکەی لەپێناو خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی دووپات کردەوە".

"سەرۆکی حکومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە"، حکومەتی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.

دوای دەست بەکاربوونی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. 




PM:02:49:23/05/2026