هاوڵاتییەک
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بە ناوی هەرێم شێرە نووسینێکی سەبارەت بە ڕێگریکردن
لێی بۆچوونە ناو کافتریایەک لە شاری هەولێر بڵاوکردوەتەوە بە هۆکاری ئەوەی جلی
کوردی پۆشییوە، بەپێی زانیارییەکان دوای رووداوەکە، پارێزگاری هەولێر، ئومێد
خۆشناو کافتریاکەی داخستوە.
شەممە، ٢٣
ئایار ٢٠٢٦، ئەو هاوڵاتیە نووسیویەتی "دوێنی شەو لەگەڵ دوو هاورێم ویستمان بچین لە
کافتریایەکی شاری هەولێر دابنیشین، یەکێک لە هاورێکانم پێشنیاری کافتریای
(مۆنتانا)ی بۆ کردین کە دەکەوێتەی شەقامی مەجدەل ، من کە جلێکی کوردیم لەبەر بوو
بەر لە هاورێکانم گەیشتمە کافتریاکە، کە چومە ژوورەوە تەنها چەند مێزێک خەڵک لێی
دانیشتبوون ئەوانی تر هەموو چۆڵ بوون".
"من لەسەر یەکێک لە مێزەکان دانیشتم ، هەستم پێکرد
کارگوزارانی ناو کافتریاکە بە چاوێکی زۆر سەیر سەیریان دەکردم، پاشان یەکێک لە
کارگوزارەکان هاتە لام بە عەرەبی پێی وتم کە ناتوانم دابنیشم چونکە هەموو مێزەکان
گیراون ، هەرچەندە بە ئاشكرا پێی نەوتم لەبەر جلە كوردیەكەیە بەڵام من زانیم
هۆکارەکە ئەوەیە چونکە زۆربەی مێزەکان چۆڵ بوون" ، ئەو هاوڵاتییە باسی لەوەش
کردوە دواتر دوو هاوڕێیەکی چونتە ژوورەوە "جلی ئاساییان لەبەردا بووە و هیچ
کێشەیەکیش نەبووە".
هەرێم شێرە نوسیویشیەتی
"لە دەرەوە وەستا بووم بیرم دەکردەوە، چۆن دەکرێت کافتریایەک لە پایتەختی
هەرێمی کوردستان ناوەکەی ئینگلیزی بێت و کارگوزارەکانی هەموو عەرەب بن و کەچی
رێگریش لە جلی کوردی بکەن"، دەشڵێت کاتێک دووبارە چوەتەوە ناو کافتریاکە
و پێی وتون کە بەهۆی جلە کوردیەکانەوە ڕێگایان نەیاوە دابنیشێت، وتویانە
"دیارە هەڵە تێگەیشتنە".
ساڵی ٢٠٢٣ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەمەودوا پێویستە
لە سەرجەم کافتریا و شوێنە گەشتیارییەکان زمانى کوردى زمانى سەرەکى بێت، کارمەندى
شوێنە گەشتیارییەکانیش ٪٧٥ یان هاوڵاتى هەرێمى کوردستان بن".