نێچیرڤان بارزانی و سەڵاحەدین بەهائەدین کۆبوونەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد و پێکەوە دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی نووسینگەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، لە دیدارەکەدا بە چڕی تیشک خرایە سەر دۆخی ناوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ دەرچوون لەو بنبەستە سیاسییەی کە لە ئێستادا بەرۆکی پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان گرتووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ئەو کۆششانە کردەوە کە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کوردستاندا دەدرێن.

لای خۆشیەوە، سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی لە پێناو سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان پێشکەشی دەکات.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی ناوچەکە و لێکەوتە جیاوازە سیاسی و ئابوورییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی دیداری نێوان هەردوولا بووە.



PM:07:44:23/05/2026