دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە فەرمی سەرکەوتنی دوو چالاکیی هاوبەشی دژ بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ڕاگەیاند، کە تێیدا دەستبەسەر بڕی ١٢ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ماریوانەدا گیراوە و سێ بازرگانی بیانیش دەستگیرکراون.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایشی گشتیی سلێمانی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایشی گشتیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان جێبەجێ کراون.
لە ڕۆژی ٢١ی ئایاری ٢٠٢٦، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد، هێزەکانی ئاسایش توانیان تۆمەتبارێکی خاوەن ڕەگەزنامەی بیانی لە شاری سلێمانی دەستگیربکەن کە بڕی ٥ کیلۆ و ٢٠٠ گرام ماریوانەی پێبووە. لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبار دانی بەوەدا نا کە بڕی ٥ کیلۆ و ٥٠٠ گرامی دیکەی لە ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی حاجی ئۆمەران شاردووەتەوە. دەستبەجێ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەولێر، دەست بەسەر ئەو بڕە شاراوەیەدا گیرا؛ بەمەش کۆی ئەو ماددەیەی ئەم تۆمەتبارە هێنابوویە هەرێمەوە گەیشتە ١٠ کیلۆ و ٧٠٠ گرام.
هەر لە هەمان ڕۆژدا (٢١ی ئایاری ٢٠٢٦)، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە هاوکاریی ئاسایشی بازگەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سەرکەوتووبوون لە دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری دیکەی بیانی، کە بڕی ١ کیلۆ و ٣٠٠ گرام ماددەی هۆشبەری جۆری ماریوانەیان پێبووە و دەیانویست بیهێننە ناو شارەوە.
لە ئێستادا هەر سێ تۆمەتبارە بیانییەکە بەپێی ماددەی ٢٥ لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵیاندا بەردەوامە.