ئەمجەد حوسێن پەنایی، وتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (سپی) ڕایگەیاند'' لە بەردەوامیی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانیان، ئەمشەو شەممە کاتژمێر (٢١:١٠) بە درۆنی خۆکوژ هێرش کراوەتە سەر مەقەرەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئاڵانە و تەنها زیانی ماددی هەبووە.''
وتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئاشکراشی کرد کە هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشەدا، دوو درۆنی تری هێرشبەر لەسەر ئاسمانی مەقەرەکانی کۆمەڵە لە لایەن فڕۆکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بینراون و خراونەتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەستپێکی گرژی و شەڕەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بەردەوام هێرشەکانی بۆ سەر لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چڕکردووەتەوە و هێزەکانیان تاوەکو ئێستا بە زیاتر لە ٧٩ مووشەک و درۆنی هێرشبەر، بنکە، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی کۆمەڵەیان لە ناوچە جیاوازەکان کردووەتە ئامانج