ئێران شەپۆلێکی تری هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەستپێکرد

کەمێک پێش ئێستا و لە بەردەوامیی ئەو گرژییە ئەمنییە توندەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، شەپۆلێکی تری هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بارەگای چەند لایەنێکی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرانە ئامانج.

بەپێی زانیارییە بەپەلەکانی کەمێک پێش ئێستا، لە دەوروبەری شاری هەولێر و لە نزیک ناوچەی دارەشەکران، بارەگاکانی "چەمشار"ی سەر بە سپای میللیی کوردستان بە ٤ مووشەک کرانە ئامانج، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش قەبارەی زیانە مادی و گیانییەکانی ئەو هێرشە بە تەواوی نەزانراوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشەدا، بۆ جاری دووەم و بە شێوەیەکی بەپەلە هێرش کرایەوە سەر مەقەرەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئاڵانە، کە پێشتر ئەمجەد حوسێن پەنایی وتەبێژی کۆمەڵە هێرشی یەکەمی بۆ (سپی) پشتڕاست کردبووەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کرد کە هێرشێکی مووشەکیی تر کراوەتە سەر ناوچەی باشیک، کە تێیدا بنکە و بارەگاکانی "سازمان"ی لێیە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش ئەو هێرشە تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە و چەند سەرچاوەیەکیش دووپاتیان کردووەتەوە کە هێرشەکەی باشیک زیانی گیانی بەدواوە نەبووە



PM:09:54:23/05/2026