دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر مەلەوان و بۆکسێنەری تەمەن ١٧ ساڵانی ئێرانی، "شایان هادیانی"، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمی هاتنە دەنگ و سەرکۆنەی توندی ئەم بڕیارە نادادییەی دەسەڵاتی دادی ئێرانیان کرد
ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامە هاوبەشەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونییەوە، شایانیان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کردووە و دۆسیەیەکی پڕ لە تۆمەتی دەستکردیان بۆ دروستکردووە، ئەم ڕێکخراوانە هۆشداری دەدەن کە تاران دەیەوێت بە لەسێدارەدانی ئەم گەنجە وەرزشوانە، پەیامێکی تۆقاندن ئاراستەی سەرجەم گەنجان و وەرزشوانانی وڵاتەکە بکات کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بەشدارییان کردبوو.
بەپێی زانیاریی نوێی سەرچاوە مافپەروەرییەکان، دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە ماوەی دەستبەسەرکردنی شایاندا، خێزانەکەیان لەژێر گوشارێکی تونددا هێشتاوەتەوە تا میدیاکان لە کێشەکەی ئاگادار نەکەنەوە، بەڵێنیشیان پێدابوون کە ئەگەر بێدەنگ بن کچ و کوڕەکانیان ئازاد دەکەن، بەڵام لە پشت دەرگا داخراوەکانی "دادگای شۆڕش"ەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاند
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە شایان هادیانی لە ڕووی یاساییەوە هێشتا بە نەوجەوان (مێردمنداڵ) دادەنرێت، سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسانی خوار ١٨ ساڵ، پێشێلکارییەکی ڕوونی ماددەی ٣٧ی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی مافەکانی منداڵە (CRC) کە ئێران خۆی یەکێکە لە واژۆکارانی
ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە سەرجەم چالاکوانان، هاووڵاتیان و فیدراسیۆنە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە بە خێراترین کات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەژێر هاشتاگی ناوی خۆیدا (#ShayanHadyani) دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوە؛ چونکە ئەزموونی ڕابردوو نیشانی داوە کە تەنیا فشاری میدیایی و سیاسیی بەپەلە دەتوانێت ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە مەترسیدارە بکات پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت