کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: ٦ گەنجی هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن

‌بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، بەکر عەلی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری ٥ مانگی کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستانی بۆ دەرەوەی وڵات بڵاوکردەوە و دەڵێت "لە ١٤ ئادارەوە تا ئێستا ٦ گەنجی هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە".

یەک شەممە، ٢٤ ئایار ٢٠٢٦، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان رایگەیاند "پڕۆسەی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامی هەیە و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تەنیا لە دەڤەری ڕاپەڕین، لە نێوان ٨٠٠ بۆ ٩٠٠  گەنج کۆچیان کردووە. هۆکاری گرتنەبەری رێگاکانی تونس و لیبیا لەلایەن گەنجانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتی تورکیا بە زەحمەت ڤیزا بە دانیشتوانی سنووری سلێمانی و ڕاپەڕین دەدات".

بەکر عەلی لە بارەی مەترسییەکانی ڕێگا وتی "ڕێگای تونس و لیبیا مەترسییەکی زۆری هەیە. لە ١٤ی ئادارەوە، ٦ گەنجی هەرێمی کوردستان کە ٥ یان خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕینن و یەکێکیان خەڵکی شارەزوورە، بێسەروشوێنن و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە".

سەبارەت بە دەستگیرکردنی گەنجێکی دەڤەری ڕاپەڕین لە وڵاتی بەریتانیا بە ناوی کاردۆ جاف، کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت "دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە بێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، گەنجانی ناوچەکە بە قاچاخچێتی تۆمەتبار دەکەن و دوای بەدواداچوونی ورد لە کوردستان، دەرکەوتووە کە کاردۆ جاف قاچاخچی نییە".

لە کۆتایی کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات "بێتە سەر هێڵ بۆ پاراستنی مافی گەنجان، تاوەکو ڕێگری بکرێت لەوەی بەبێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی یاسایی، گەنجان لە دەرەوەی وڵات دەستگیربکرێن یان ڕادەست بکرێنەوە".




PM:03:26:24/05/2026