بەڵێندەری ئەو پرۆژەی نیشتەجێبوونە دەستگیرکرا کە چوار کرێکار لە پرۆژەکەیدا گیانیان لەدەستدا

‌وێنەی ئەو باڵەخانەیەی کرێکارەکانی لێ کەوتوەتە خوارەوە

داواکاری گشتی لە دادگای سێمێل، دادوەر حەکیم عەبدولواحید لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە بەڵێندەری ئەو پرۆژەی نیشتەجێبوونە دەستگیرکرا، کە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی بەرزکەرەوە (مەسعەد- ئەسانسۆر) چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا.

یەک شەممە، ٢٤ ئایار٢٠٢٦، دادوەر حەکیم عەبدولواحید رایگەیاند "هەر لە رۆژی رووداوەکەدا دوو سکاڵای یاساییمان تۆمارکرد، یەکێکیان لەسەر بەڵێندەری پڕۆژەکە و ئەوی دیکەش لەسەر خاوەنی پڕۆژەکە بوو، بەڵێندەرەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، ئەوەش بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی لە پڕۆژەکەدا،  لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکەشدا هێشتا بەردەوامن".

"دوای رووداوەکە سەردانی مەیدانیی پڕۆژەکەمان کرد، لە شوێنی رووداوەکەدا دیاربوو ئەو ئامێرەی (ئاسانسۆری دەرەکی) کرێکارەکانی لەسەر بووە و پێش کەوتنەخوارەوە، کۆن بووە و کوالێتیی وەک پێویست نەبووە، جیا لەم پڕۆژەیە، سەردانی پڕۆژەکانی دیکەش دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی پاراستنی سەلامەتیی گیانی کرێکاران"، داواکاری گشتی لە دادگای سێمێل وا دەڵێت.

رۆژی چوارشەممە، ٢٠ ئایاری ٢٠٢٦، لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سنووری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، ٥ کرێکار لە قاتی حەوتەمی تاوەرێکەوە کەوتنەخوارەوە، ٤ کرێکاریان گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.




PM:04:47:24/05/2026