بەڕێوەبەری "پەیمانگای توێژینەوەی
شەریف" لە تاران ئاشکرای دەکات لەسەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر
ئێران، دەسەڵاتی تاران هەڕەشەی داگیرکردنی هەرێمی کوردستانی کردوە، هەرچەندە هیچ ناوەندێکی فەرمی ئێرانی و میدیایەکی سەربەخۆ ئەم زانیاریانەی پشتڕاستنەکردۆتەوە.
مەهدی خەڕاتیان، شرۆڤەکار و توێژەرێکی
سیاسیی ئێرانییە کە زیاتر لە بواری سیاسەتی دەرەوە، ستراتیژی نێودەوڵەتی، و پرسە جیۆپۆلیتیکییەکاندا
دەنوسێت و قسە دەکات و نزیکە لە دەسەڵاتدارانی ئێران، لە بەرنامەیەکدا چەند پرسێکی
هەستیار لەسەر کورد و هەرێمی کوردستان دەوروژێنێت.
ناوبراو کە بەڕێوەبەری "پەیمانگای
توێژینەوەی شەریف"ە، بە هۆی پەیوەندی چڕی لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیاری سوپای
پاسداران و دەسکەوتنی زانیاریی ورد و تایبەت، بەوە ناسراوە کە شیکردنەوەی ورد و جیاواز
بۆ پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هێزە جیهانییەکان و هەروەها گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست دەکات.
پاش زیاتر لە ٥٠ رۆژ لە دەسپێکی شەڕی
ئێران لەم رۆژانەی دواییدا مەهدی خەڕاتیان، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا هەندێ زانیاریی
گرنگ باس دەکات کە گوایە ئێران بە نیازی داگیرکردنی هەرێمی کوردستان بووە.
بە بۆچوونی خەڕاتیان لەهەفتەی یەکەمی
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران "پیلانێک" هەبووە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە
هێرشی سەربازیی بکرێتە سەر ئێران و دەڵێت "بە هاندانی ئیسراییل فەرمانی دابەشكردنی
ئێران درابوو کە دەسپێکی هێرشەکە لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە بوو. نیوەشەوی ٤ ی
مارس باراك راوید (شرۆڤەکاری دیاری ئیسرائیلی) تویتێکی كرد كە هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات
هێرشی زەمینییان بۆ سەر ئێران دەستپێكرد كە دواتر تویتەكەی سڕییەوە".
خەڕاتیان دەڵێت "لەسەروبەندی ئەگەری
هێرشی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە خاکی هەرێمەوە بۆ سەر ئێران هێزی زەمینی کۆماری ئیسلامی
هاتنە سەر سنورەكان و بە هەرێمی كوردستان راگەیەنرا كە هەر چەشنە جوڵەیەكی حیزبەکانی
رۆژهەڵات (لە خاکی هەرێمەوە بەرەو ئیران)، بە فەرمیی راگەیاندنی شەڕی هەرێمی
كوردستانە دژی ئێران".
دەڵێت "ئێمە هەواڵمان لایە كە
كوردەكان تارانیان زۆن بەندی كردبوو، بە مەبەستی هاتنی راستەوخۆ بۆ تاران و دابەشكردنی.
هێزەكانمان لەسەر سنورەكان راوەستان و لەولاشەوە حەشدی شەعبی هەڵوێستی وەرگرتو تێكڕا
ئەوەمان بە هەرێم وت؛ كە هەر چەشنە كرداری جوداییخوازانە لەلایەن هەرێمی كوردستانە
یەكسانە بە داگیركردنی هەرێم و ئێمە هەرێمی كوردستان داگیر دەكەین".
ناوبراو بۆ ئەم هێرشە بۆ سەر هەرێم
جیاوازی لەنێوان حیزبەکانی باشور ناکات و دەڵێت "حەقەم بەسەر ئەوەوە نیە مەسرور،
نێچیر، مستەفا.. بەگشتی بارزانییەكان، تەنانەت تاڵەبانییەكانیش".
بە بۆچوونی خەڕاتیان پاش ئەم هەڕەشەی
ئێران لە هەرێم "ئەوە بوو كە كوردەكانی ترەمپ! وتیان ئێمە ناتوانین بچینە ناو
ئێران. دواتر ترەمپ بۆڵە بۆڵەكانی دەستی پێكرد: ئەمانەنامەردن، ئەمانە چەكیان وەرگرت
و بەكردەوە هیچیان نەكرد. بڕیار بوو بە كردەوە ئەو كارە بكەن، دابەشكردنی ئێران لە
ئاجێندای كاریاندا بوو".
بەڕێوەبەری "پەیمانگای توێژینەوەی
شەریف" هەروەها دەڵێت، "لە چوار پێنج رۆژی سەرەتای شەڕ، ئاجێندای ئەمریكا
و ئیسرائیل دابەشكردنی ئێران بوو. ئاجێندا ئەوە بوو كە بەلەناوبردنی هێزی دەریایی،
لەناوبردنی توانای موشەكیی، لەناوبردنی رژیم سیاسی كۆماری ئیسلامی و لەكۆتاییشدا بە
هێرشی زەمینی" ئێران دابەش بکەن.
مەهدی خەڕاتیان پێیوایە بۆردومانەکانی
ئێران لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکا بە مەبەستی رژانە سەرشەقامی خەڵکی ئێران و
رووخانی کۆماری ئیسلامی بوو "تەواوی بازگەكان و بنكەكانی پۆلیسیان بۆردومان
كرد، بەو نیەتەی خەڵك بڕژێنە سەر شەقام و دژی كۆماری ئیسلامی شۆڕش بكەن، بەڵام
دواتر ترەمپ زانی كە زانیارییەكانی مۆساد هەڵە بوون و ئێران بەوانە ناڕوخێت و خەڵك
ناڕژێنە سەر شەقام كە رژێمی ئێران بڕوخێنن".
مەهدی خەڕاتیان کە سەر بە باڵی
توندرەوی مەزهەبی ئیرانە بەردەوام لە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بەتایبەت تویتەر و ئێکس دیمانەی میدیایی جۆراوجۆرەوە بۆچوونەکانی خۆی دەربارەی گۆڕانکارییە
خێراکانی ناوچەکە بڵاودەکاتەوە کە پشتیان بەو زانیارییانە وەرگرتووە لە سەرچاوە باڵاکانی
سوپای پاسداران دەستیدەکەوێت.