حکومەتی هەرێم رۆژانی پشووی جەژنی قوربانی راگەیاند

بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی پێنج رۆژی وەک پشووی فەرمی لە سەرجەم ناوەند و دامودەزگا حکومییەکاندا راگەیاند.

لەم بارەیەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرایکردووە، کە پشووەکانی جەژن لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦)ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژی شەممە (٣٠ی ئایاری ٢٠٢٦) دەخایەنێت، ئەم بڕیارەش تەواوی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی لەسەر بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کردووەتەوە. بە جۆرێک لەو فەرمانگە و ناوەندە خزمەتگوزارییانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانە و بەرژەوەندیی هاووڵاتییانەوە هەیە، دەوامکردن تێیاندا ناوەستێت و کارمەندان بەشێوەی ئێشکگری (خەفارەت) لە کارەکانیان بەردەوام دەبن.

هاوکات سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەی فەرمانبەران بۆ سەر کارەکانیان، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش بە ڕوونی خراوەتەڕوو کە پاش کۆتاییهاتنی ڕۆژانی پشووی جەژن، ڕاستەوخۆ لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٣١ی ئایاری ٢٠٢٦)ـەوە، دەوامی فەرمی لە تەواوی دامەزراوەکانی حکومەت ئاسایی دەبێتەوە و دەست پێ دەکاتەوە.




AM:09:37:25/05/2026