بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی
عێراق ئاشكرایكردوه، لەهەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ کۆتاییهێنان بەساڵانێک لەناکۆکیی
داراییو کارگێڕیی، ڕێککەوتنە نوێیەکەیان لهگهڵ هەولێر دهچێته بواری جێبەجێکردنەوە،
دهشڵێت، "ئەم هەنگاوە کە یەکخستنی دەروازە سنورییەکانو کۆنترۆڵکردنی داهاتەکان
لەخۆدەگرێت".
عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق، سەرکەوتنی
ستراتیژییەکی نوێی بۆ پاراستنی ئابوریی نیشتمانی ڕاگەیاندو ئاماژەی بەوەکرد،
"بەهۆی توندکردنەوەی ڕێکارەکان، هەوڵەکانی قاچاخچێتی پاشەکشەی بەرچاویانکردوەو
داهاتی دەوڵەتیش زیادیکردوە".
وائیلی لەلێدوانێکى ڕۆژنامهوانیدا وتویهتى، "دەستەی
دەروازەکان کۆمەڵێک میکانیزمی هاوچەرخی گرتوەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لەقاچاخچێتی، لەوانەش،
بەکارهێنانی سیستمی دیجیتاڵیو کامێرای چاودێریی بۆ کەمکردنەوەی دەستێوەردانی مرۆییو
گەندەڵی، خێراکردنی مامەڵەکانو ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەستکارییەکی نایاسایی، بەکارهێنانی
ئامێری پێشکەوتوو بۆ دۆزینەوەی کاڵا قاچاخەکانو مادەی بێ مۆڵەت".
سەرۆکی دەستەی دەروازەکان پەردەی لەسەر پێشکەوتنێکی گەورە لەپەیوەندییەکانی
نێوان حکومەتی فیدراڵو حکومەتی هەرێمی کوردستان لاداو وتى، "هەماهەنگییەکی بەردەوام
هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیارییو چالاککردنی سیستمی ئەسیکۆدا لەهەموو دەروازەکان".
ئهوهشى
وت، "دەروازە سنورییەکان بەشێکن لەسەروەریی ئابوریی دەوڵەت، کاردەکەین بۆ گەیشتن
بەیەکخستنی تەواوەتی ڕێکارە گومرگیو چاودێرییەکان لەهەموو عێراق بهههرێمى
كوردستانیشهوه".
لەبارەی ڕوبەڕوبونەوەی یاسایی، وائیلی جەختیکردوهتهوه،
"قاچاخچییەکان ڕوبەڕوی سزای قورس دەبنەوە، لەوانە: پێبژاردنی دارایی، دەستبەسەرداگرتنی
کاڵاو ئۆتۆمبێلەکانو ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا، مەترسیدارترین جۆری قاچاخچێتی کە ئێستا
کاری لەسەردەکەن بریتین لەقاچاخچێتی مادەی هۆشبەر، چەکو قاچاخچێتیی بازرگانیی ڕێکخراو".
میدیاى نزیك لهپارتى ئاشكرایكردوه، حکومەتی فیدراڵی ڕەزامەندیداوە
لەیهكى حوزەیرانەوە سەرجەم کاڵاکان لەڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلو بەگوێرەی سیستمی
ئەسیکۆدا هاوردە بکرێن، لەدوای ئەوەی بازرگانان ڕێکاری گومرگیی پێشوەختە دەگرنەبەر.
بەگوێرەی ئامارێک، ٢٣ دەروازە لەعێراق چونەتە نێو ئەو سیستمەوەو
٢٥%یان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
بەگوێرەی نوسراوێکی عەلی ڕەزوقی لامی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک
وەزیرانی عێراق کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کردوە، تێیدا ڕەزامەندی دراوە
لەسەرئەوەی لەیهكى حوزەیرانەوە ڕێگەبدرێت بەهاوردەکردنی سەرجەم کاڵاکان لەدەروازەی
ئیبراهیم خەلیلەوە بەسیستمی ئەسیکۆدا.
ئهمهش لهكاتێكدایه، پێشتر تەنها دەرمانو خۆراک ڕێگەپێدراو
بوو کە لەو دەروازەیەوەو لەڕێگەی سیستمی ئەسیکۆداو گومرگی پێشوەختە هاوردە بکرێت.
هاوکات یەکێک لەو کێشە
نوێیانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا سەریهەڵداوە کە پەیوەندی بە سیستەمی ئەسیکۆداوە هەیە
لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی، بەغدا داوا دەکات ئەو سیستەمە جێبەجێبکرێت،
تا ئێستاش هەرێم رەتیدەکاتەوە.
لە سەرتاسەری عێراقدا فڕۆکەخانەکان کە وەک دەروازەیەکی سنوری
مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و دەروازەیەکە جگە لە هاتوچۆی هاوڵاتیان، هۆکارێکیشە بۆ
ئاڵوگۆڕی ئابوری لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق، سیستەمی ئەسیکۆد جێبەجێکراوە بە فڕۆکەخانەی
کەرکوکیشەوە، بەڵام تا ئێستا هەرێم ناڕازییە لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی
جێبەجێبکرێت.
ئەسیکۆدا پڕۆژەیەکی
عێراقییە بۆ گۆڕینی گومرگ لە کاغەزییەوە بۆ ئەلیکترۆنی بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئامانجە سەرەکییەکانی بریتین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و، ڕێگریکردن
لە قاچاخی بردنی کاڵاکان بە دۆلاریشەوە. سیستەمەکە پشت بە بەیاننامەی ئەلیکترۆنی و
ڕێڕەوە زیرەکەکان (سەوز، زەرد، سوور) دەبەستێت بۆ خێراکردنی بازرگانی.