بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، هێمن سەید موراد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە قەرەبووکردنەوەی ئەو خاوەن زەویانە کردوە کە موڵکەکەیان بەر پشتێنەی سەوزایی شارەکە دەکەوێت و دەڵێت "هەموویان بە زەوی نیشتەجێبوون قەرەبوو دەکرێنەوە".
دوو شەممە، ٢٥ ئایار ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند "هەموو ئەوانەی زەوییان بەر قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی کەوتووە، دەتوانن سەردانمان بکەن و قەرەبووی زەوییەکەیان وەربگرن".
هێمن سەید موراد وتیشی " لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێردا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار نەمام روێندران، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە، بۆیە قەرەبوو دەستپێدەکات".
ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە لە تەواوبووندان، کە کۆی پڕۆژەکە هەشت قۆناغە بە دەوری شاری هەولێردا.