بەڕێوبەری بەنداوی دووکان، کۆچەر جەمال لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی زانیاری لەسەر کۆی گشتی کۆکردنەوەی ئاو و سەرڕێژبوونی بەنداوی دووکان بۆ ئەم ساڵ بڵاوکردەوە.
دوو شەممە، ٢٥ ئایار ٢٠٢٦، بەڕێوبەری بەنداوی دووکان رایگەیاند "زۆربەی هاونیشتمانیانی ئەم وڵاتە لەم ساتە وەختەدا، سەرقاڵبوون یان میدیا سەرقاڵیکردبوون بە پرسیارێک: ئایا دەریاچەی دوکان سەرڕێژ دەبێت یان نا؟ لە ڕوانگەی زانستییەوە، دەریاچەی دوکان ئێستا لە دۆخێکی زۆر باشدایە و سوپاس بۆ خوا بارانی باش باری و باشترین ساڵی هایدرۆلۆجیمان بەڕێکرد و لە ڕێژەیەکی یەکجار کەمەوە ڕێژەکە زیادی کرد و لە کاتی ئێستادا زۆر نزیک بۆتەوە لە ئاستی پڕبوونی تەواوەتی و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە لەم وەرزەدا باشترین شێوازی کۆکردنەوە و هەڵگرتنی ئاو جێبەجێ کراوە".
کۆچەر جەمال وتوشیەتی کە "توانیومانە دروێنەی تەواوی داهاتی ئاوی ئەمساڵ بکەین و هێشتاش بەردەوامین لە بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی زانستی و ورد".
سەبارەت بە تێپەڕبوونی ئاو بە ناو بێڵ ماوسەکەی بەنداوی دوکان، بەڕێوبەری بەنداوەکە ئامەژەی بەوەکرد کە "زۆرێک لە هاوڵاتیان حەزیان لەو دیمەنە سەرنجڕاکێشەیە کە دەریاچەکە سەرڕێژ ببێت و ئێمەش ئارەزوومانە ئەگەر ئەو بارودۆخە هاتە پێش، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، بێڵ ماوسەکە ئیشی خۆی بکات و ببێتە هۆی چالاکبوونی گەشتوگوزار و سەرنجڕاکێشانی خەڵک. بەڵام خۆ ئەگەر ئەمەش ڕووینەدا مانای ئەوە نیە لە پردەکە نەپەڕیوینەوە یان تروسکایی کۆتایی تونێڵەکەمان لێ دەرنەکەوتووە و گرنگ ئەوەیە دووبارە قیمەتی ئاو بزانین و ئیدارەی بدەین و بەفیڕۆی نەدەین".
لە کۆتایی نوسینەکەیدا کۆچەر جەمال دوای دەکات کە هاوسەنگی لە بیرکردنەوەدا سەبارەت بە کەشوهەوا و ڕێژەی بارانبارین هەبێت و دەڵێت "ئەگەر هەڵە نەبم، کێشە بیرکردنەومانە کە زۆر جار واقیعی نین و زۆرجار لەنێوان دوو ئاستی تونددا بیردەکەینەوە؛ ساڵێک کە باران زۆر بێت هەموان چاوەڕوانی سەرڕێژبوون دەکەن بە کەمتر قایل نین و کاتێکیش ووشکەساڵی دەبێت، زاراوەی زەنگی مەترسیدار بۆ ووشکە ساڵی بەکاردەهێنن. هەردوو ئەم بیرکردنەوانەش دوورن لە واقیع و لە تێگەیشتنێکی زانستی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان. هەمیشە لەنێوان بیرکردنەوەی خەڵک و واقیعدا، پێویستمان بە هاوسەنگییە".
بە کۆی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا ٢٥ بەنداوی گەورە و بچووک هەیە، لەو ژمارەیە ٢٣ بەنداویان بەهۆی ڕێژەی بەرزی باران بارین لەم ساڵدا سەرڕێژبوون و تەنها بەنداوی دووکان و گۆمەسپان ماون سەرڕێژ ببن.