سەرۆکی هەرێم دوو فەرمانی هەرێمی بۆ پێدان و بەرزکردنەوەی پلەی سەربازی واژۆ دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، دوو فەرمانی هەرێمیی تایبەت بە پێدان و بەرزکردنەوەی پلەی سەربازی دەرکرد، کە یەکێکیان تایبەتە بە پێدانی پلەی مولازم بە ٢١٠ ئەفسەری نوێ و ئەوی دیکەشیان بەرزکردنەوەی پلەی ٩٥ پلەدارە لە دەزگای ئاسایش.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند'' دوای بەکۆتاهاتنی خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی سێی قەلاچوالان، ئەمڕۆ دووشەممە (٢٥ی مەیی ٢٠٢٦) نێچیرڤان بارزانی فەرمانی پێدانی پلەی مولازمی بۆ (٢١٠) دەرچووی بەشداری ئەو خولە واژۆ کردووە.''

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ئاماژەی بە فەرمانی دووەمیش کرد و ڕایگەیاند،''لە فەرمانێکی دیکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی (٩٥) پلەدار لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کردووە.''

دڵشاد شەهاب دووپاتی کردەوە کە هەردوو فەرمانە هەرێمییەکە لەگەڵ کاتی واژۆکردنیانەوە، هەر لەمڕۆوە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.



PM:07:47:25/05/2026