جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' ێویستە دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی چەقبەستووی ئێستای هەرێم بدۆزرێتەوە و پارتی و یەکێتی دەرگا بەڕووی قۆناغێکی نوێدا بکەنەوە چونکە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە زیانی زیاتر بە پێگەی هەرێم و بژێوی هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەکەی ئەمڕۆ دووشەممە (٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦) لە شاری هەولێر، قوباد تاڵەبانی بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکاندا بە چڕی باس لە دۆخی سیاسیی هەرێم و هۆکارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا دەمێکەیە وەک قووڵایی ستراتیژیی هەرێم سەیر دەکرێت و پێویستە کورد لەوێ ئامادەییەکی بەهێزتری هەبێت، جەختیشی کردەوە کە دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ لە بەغدا دەرفەتێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، بەڵام ئەمەش پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان هەیە
لە پشکی کۆتایی هەردوو کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنە ئەمنییە خێراکانی ناوچەکە کرا، لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەو پێشکەوتنانە کرد کە لە دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتوونەتە ئاراوە و هیوای خواست ئەم لێکتێگەیشتنانە بە ئەنجامێکی باش بگەن و ببنە هۆی گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی بۆ تەواوی ناوچەکە