وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، ئاکام قوتبەدین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە سوتانی ٢٠ دۆنم زەوی لە ناوچەی گەشستیاری نەورۆڵی ئاشكرا دەکات و دەڵێت "٣ گەشتیاری عەرەبمان دەستگیرکردوە".
سێ شەممە، ٢٦ ئایار ٢٠٢٦، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند "بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە ٢٠ دۆنم پووش و پاوان سووتاوە. ئاگرەکە لە کاتژمێر ٢:٠٠ پاشنیوەڕۆ دوێنێ (دوو شەممە) دەستیپێکردووە و تاوەکو کاتژمێر ٦:٠٠ ـی ئێوارە بەردەوام بووە، دوای ٤ کاتژمێر لە کارکردنی تیمەکان توانراوە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری بکرێت".
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکەوە، ئاکام قوتەبدین وتی " ئاگرەکەی ناوچەی گەشتیاریی نەوڕۆڵی بەهۆی خەڵووزی نێرگەلەی گەشتیارەکانەوە بووە. ئەو گەشتیارانە پاشماوەی خەڵووزەکەیان فڕێداوە و بەو هۆیەوە ئاگرەکە لە پووش و پاوانی ناوچەکەدا کەوتووەتەوە و تەشەنەی سەندووە".
"هێزە ئەمنییەکان ٣ گەشتیاریان دەستگیرکردووە کە بە ڕەچەڵەک عەرەبن. ئەم کەسانە لە ئێستادا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان و تۆمەتبارن بەوەی بەهۆی کەمتەرخەمی و فڕێدانی پاشماوەی خەڵووزی داگیرساو، زیانی گەورەیان بە ژینگە و سروشتی ناوچەکە گەیاندووە"، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە وا دەڵێت.
کەوتنەوەی ئەم ئاگرە لە کاتێکدایە کە هێشتا لە وەرزی بەهارداین و گژوگیا بە تەواوی وشک نەبووە و هێشتا هەر سەوزە.