وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا وردەکاریی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئایار لەلایەن بەغداوە و شێوازی دابەشکردنی پێش هاتنی جەژن ئاشکرا دەکات.
هاوكات ڕایدەگەیەنێت'' بەغدا زیاتر لە ٨٠ ملیار دینار کەمتر لە شایستەی ڕاستەقینەی هەرێمی ناردووە بەڵام ئەوان لە ڕێگەی قەرزەوە کورتهێنانەکە پڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی مووچە دوانەکەوێت.''
وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوە دەدات کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسانیان ڕادەستی بەغدا کردووە، هەروەها سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بڕی ٥٠ ملیار دیناریان وەک نیوەی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، وەزارەت ئاماژە بەوە دەکات کە داواکردنی داهاتی مانگێک کە هێشتا ٦ ڕۆژی ماوە کۆتایی بێت لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاریی جیهاندا نییە، بەڵام بۆ نەهێشتنی بیانوو ئەو بڕەیان پێشوەختە ناردووە.
سەرەڕای ئەم ڕێکارانە، لە کۆی تەمویلی پێویست کە ٩٧٠ ملیار و ٧٤١ ملیۆن دینار بووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کاتی کۆتایهاتنی دەوامی فەرمی و لە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆدا، تەنها بڕی ٨٩٠ ملیار و ٥٠٢ ملیۆن دیناری خستووەتە سەر هەژماری هەرێم، ئەمەش بەو واتایەیە کە بەغدا زیاتر لە ٨٠ ملیار دینار کەمتر لە پارەی پێویستی بۆ مووچەی مانگی ئایار ناردووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش و بۆ ئەوەی هیچ مووچەخۆرێک بێبەش نەبێت، وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە ئەو کورتهێنانە لە ڕێگەی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکاتەوە.
سەبارەت بە کات و شێوازی دابەشکردنی مووچە، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک، گەنجینە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕاسپاردووە کە دوای وەرگرتنی پارەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و گواستنەوەی بۆ بانکە ئەهلییەکانی ناو پرۆژەی (هەژماری من) و پارێزگاکان، هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن، هەروەها دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژانی جەژندا لە دوای کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە بەشێوەی کاش و لە ڕێگەی هەژماری منەوە بەردەوام دەبێت
بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و شار و قەزاکان پێویستی بە کات هەیە، بۆیە داوا لەو مووچەخۆرانە دەکرێت کە بە شێوەی کاش مووچە وەردەگرن لە کاتژمێر ٥ی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان بکەن، هاوكات ئەو مووچەخۆرانەشی لە ڕێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن دەتوانن لە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ بەدواوە سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) بکەن و پارەکانیان ڕابکێشن، هەر فەرمانبەرێکیش نەتوانێت لەم ماوەیەدا مووچەکەی وەربگرێت، دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی شایستەکەی وەربگرێت.