وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی فەرمیی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە پرۆسەکە لەمڕۆوە دەستپێدەکات و پێش جەژن کۆتایی پێدێت.
بەپێی خشتە فەرمییەکەی وەزارەتی دارایی، لەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی (٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦) بە فەرمی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
هەروەها، ڕاگەیاندنی وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا و لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦) کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان دەهێنرێت
وەزارەتی دارایی چەند تێبینییەکی گرنگی بۆ مووچەخۆران بڵاوکردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت'' ئەو مووچەخۆرانەی بەپێی خشتە ڕاگەیەنراوەکە ناوی وەزارەتەکانیان بۆ ئەمڕۆ سێشەممە هاتووە.''
پێویستە لە دوای کاتژمێر ٥ی ئێوارەوە سەردانی بانکەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان، ئەمەش بەهۆی کاتی پێویست بۆ گواستنەوە و گەیاندنی پارەی کاش بۆ بانکەکانی دەرەوەی پایتەخت و پارێزگاکان.
هاوكات وەزارەتی دارایی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە پرۆسەکە بەهۆی پشووەوە ناوەستێت، بەڵکو لە ڕۆژانی جەژنیشدا دابەشکردنی مووچە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بەدواوە لە ناو بانکەکاندا بەپێی خشتەی ڕاگەیەنراو بەردەوامی دەبێت بۆ ئەوەی سەرجەم مووچەخۆران بەر لە کۆتایی هاتنی هەفتەکە شایستە داراییەکانیان وەربگرن.