سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) و هاوپەیمانی ستراتیژیی سەرۆک کۆماری تورکیا، زەنگی مەترسی بۆ داهاتووی وڵاتەکەی لێدەدات و هۆشداری دەداتە تورکیا لە دوای ئێران دەبێتە ئامانجی داهاتووی زلهێزەکان، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەمەش جەخت لە پێویستیی بەپەلەی چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکاتەوە.
دەوڵەت باخچەلی، پەیامێکی توند سەبارەت بە پێشهاتە هەرێمییەکان ئاراستەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات و ڕادەگەیەنێت'' ئەو هەڕەشە و پەلامارە نێودەوڵەتییانەی کە ئەمڕۆ لەلایەن هێزە هەژموونخوازە جیهانییەکانەوە ئاراستەی ئێران دەکرێن، بێ هیچ گومانێک سبەینێ تورکیا دەکەنە ئامانج، بۆیە بە پێویستی دەزانێت پەرە بە دەستپێشخەرییەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی کورد بدرێت.''
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دەوڵەت باخچەلی ئەم هەنگاوانە وەک پڕۆژەی برایەتیی گەلی تورکیا ناوزەد دەکات کە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوویەکی هەزار ساڵەدا هەیە، دووپاتیشی دەکاتەوە کە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە مەرجی بنەڕەتی و سەرەکییە بۆ دروستکردنی یەکڕیزییەکی بەهێزی ناوخۆیی و قایمکردنی پێگەی تورکیا لەناو هاوکێشە و هاوسەنگییە ئاڵۆزەکانی جیهاندا.