مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شاری هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەم دیدارەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی سوریا و داهاتووی پرسی کورد لەو وڵاتەدا ئاڵوگۆڕ کرد.
سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند'' هاتیونەتە سەر هەمان ڕا و هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سوریا.''
هەروەها، جەختیان لە پێویستیی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی تری ناوچەکە کردووەتەوە لە هەر هاوکێشەیەکی داهاتوودا.
ئەم سەردانە فەرمییەی فەرماندەی هەسەدە بۆ هەولێر لە کاتێکی هەستیاردایە و دوای چەند ڕۆژێک دێت لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە بووەتە هۆی دروستبوونی دووبەرەکی و دابەشبوونی توندی هێزە کوردییەکان لەو پێگەیەدا.