مەسعود بارزانی داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی دوای جەژن و کۆتایهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی دەکات

مەسعود بارزانی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان کرد. 

بارزانی لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا، پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی سەرجەم لایەن و هێزە سیاسییەکانی کوردستان کرد و داوای لێکردن بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل لە سەرووی ئامانجە بەرتەسکەکان دابنێن.

هۆشداریشی دا لە پێویستیی وازهێنان لەو ململانێ بێ ئەنجام و "خۆخۆرییەی" کە ماوەیەکە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی پێوە دەناڵێنێت.

لە بەشێکی سەرەکیی پەیامەکەیدا، بارزانی داوای کرد کە ڕاستەوخۆ لە دوای جەژنی قوربان، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتمانپەروەرییەوە پێکەوە کۆببنەوە. ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیەش بە چارەسەرکردنی چەقبەستوویی سیاسی و کۆتایهێنان بەم دۆخە نالەبارە ئێستای هەرێم پێناسە کرد.

بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئەرکێکی ویژدانی، نەتەوەیی و نیشتمانییە، و پێویستە هەموو لایەک بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست.

لە کۆتاییدا هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە دەستپێکێک بۆ باشتربوونی بارودۆخی کوردستان، تێپەڕبوونی گرفتەکان و بەرقەراربوونی ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا.



PM:06:14:26/05/2026