وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، مەرج و ڕێنماییە
شەرعییەکانی ئەنجامدانی قوربانیی بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ راگەیاند و داوا لە هاوڵاتییان
دەکات بۆ هاوکاریکردنی هەژارانی ناوخۆ، قوربانییەکانیان لەناو هەرێمی کوردستان و
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٦ی ئایار، عەبدوڵا شێرکاوەیی وتەبێژی ئەنجومەنی
باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئەنجامدانی قوربانی سوننەتێکی گەورەیە و پێویستە
موسڵمانان بەپێی ئەم مەرج و رێنماییە شەرعییانە ئەنجامی بدەن:
1. کاتی سەربڕین: لە دوای
نوێژی جەژنی قوربانەوە دەستپێدەکات تاوەکو ئاوابوونی خۆر لە چوارەم ڕۆژی جەژن.
2. مەرجی ئاژەڵەکە: پێویستە
مەڕ یەک ساڵ و بزن دوو ساڵی تەواو کردبێت، بۆ ڕەشەوڵاغ (مانگا و گا) دەبێت دوو ساڵی
تەواو کردبێت و بۆ حەوت کەس دەبێت، مەرجە ئاژەڵەکان ساغ بن و کەمئەندام و زۆر
لاواز نەبن.
3. شوێنی قوربانی: ئەنجوومەنی
فەتوا داوا دەکات قوربانییەکان لە ناوخۆی کوردستان بکرێن و پارە بۆ دەرەوەی وڵات نەنێردرێت
بۆیە داواکارین کەس قوربانی نەباتە دەرەوەی کوردستان، "بەتایبەت کە ئەمساڵ هەژاری
و نەدارییەکی زۆر هەیە لە باشوری کوردستان و تێکڕای پارچە دابڕاوەکانی دیکەش"
4. دابەشکردن: ئەو قوربانییەی
بە "نەزر" کراوە، نابێت خاوەنەکەی لێی بخوات و دەبێت هەمووی بدرێتە هەژاران.
بەڵام قوربانی سوننەت، دروستە خاوەنەکەی و ماڵ و منداڵی لێی بخۆن و بەیەک جەستەش بۆ
هەموو خێزانەکە هەژمار دەکرێت.
5. قوربانی بۆ مردوو: ئەگەر
مردوو وەسێتی کردبێت، دەبێت لە میراتەکەی بۆی بکرێت و هەمووی بدرێتە هەژاران. ئەگەر
وەسێتی نەکردبێت، واریسەکان دەتوانن لەسەر ئەرکی خۆیان بۆی بکەن.
6. ڕێنمایی تەندروستی:
گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان
بن و لە کوشتارگە فەرمییەکاندا ئاژەڵەکان سەرببڕن بۆ پاراستنی ژینگەی شار و تەندروستی
گشتی.