ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٦، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف
و کاروباری ئاینیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای
کرد پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناخێکی نوێی گفتوگۆکان.
پشتیوان سادق رایگەیاند، "پەیامەکەی سەرۆک بارزانی پێویستی
بە کردار هەیە. ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە
بۆ ئەوەی ئەو پەیامە هەنگاوی کردەیی بۆ بنێین و جێبەجێی بکەین." ئاشکراشی
کرد، بڕیارە دوای جەژنی قوربان، هەنگاوی جددی بنرێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان،
بەتایبەت لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
وەزیری ئەوقاف جەختی کردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی
و لایەنەکانی دیکە بەردەوامە و گوتی: "هەندێک گرفتی بچووک هەن، بەڵام هەوڵی
چارەسەرکردنیان دەدەین لە پێناو بەرژەوەندی گشتی."