گەشتوگوزاری سلێمانی ئامادەکارییەکانی بۆ جەژنی قوربان تەواو دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکانی بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی جەژنی قوربان ڕاگەیاند، لە ڕێگەی لێژنە هاوبەشەکانیانەوە چاودێریی وردی نرخ، جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان و کوالێتیی خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان دەکەن

شاناز عامر، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایگەیاند'' هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران ئەنجامداوە، لێژنە تایبەتەکانیان لە سەرجەم بازگەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا ئامادەییان دەبێت، تاوەکو ئاسانکاریی تەواو بۆ هۆشداری و هاتنی گەشتیاران بکەن و لە کاتی گەیشتنیاندا چاوەڕوانی و هیچ گرفتێکیان بۆ دروست نەبێت.''

 باسی لەوە کرد، لێژنەکانیان بە شێوەیەکی هاوبەش لەگەڵ قائیمقامییەت، بەردەوام دەبن لە بەسەرکردنەوەی چێشتخانە، هۆتێل و مۆتێلەکان لە ناو سەنتەری شاردا، ئامانجی ئەم بەسەرکردنەوانەش دڵنیابوونەوەیە لە کرانەوەی ئەو شوێنانە لە ڕۆژانی جەژندا و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک لە نرخەکاندا، هاوکات دڵنیاییشی دا کە سەرجەم میوانخانەکان بۆ حەوانەوەی میوانەکان ئامادەن

لە لایەکی دیکەوە، گەشتوگوزاری سلێمانی جەختی کردووەتەوە کە لێژنەکانیان بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کار و ئەدای پڕۆژە گەشتیارییەکان و ئەو کەپرانە دەکەن کە بە کرێ دەدرێن و مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت نرخەکان بە ناڕەوا بەرز بکرێنەوە و هەوڵ دەدرێت هەموو شتێک لە ژێر کۆنترۆڵدا بێت بۆ ئەوەی بارگرانیی دارایی بۆ گەشتیاران دروست نەبێت.





PM:02:33:27/05/2026