مەزڵوم عەبدی پەیامی یەکڕیزیی دووپات دەکاتەوە

لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و جەماوەرێکی زۆر لە هاووڵاتیانی ڕۆژاوای کوردستان، ڕوویان لە گۆڕستانی شەهیدان کرد و لەوێوە پەیامی هاوبەشی خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ڕاگەیاند

مەزڵوم عەبدی، سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی لە شاری دێرک کرد، لە هەمان کاتدا، بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژاوای کوردستان سەردانی گڵکۆی شەهیدەکانیان کرد و وێڕای بەسەرکردنەوەی مەزارەکان، یادی هاوسەنگەر و ڕۆڵە شەهیدەکانیان بەرز ڕاگرت

ئامادەبووان و هاووڵاتیانی ڕۆژاوای کوردستان لە لێدوانەکانیاندا پەیامی خۆیان بۆ یەکڕیزی، تەبایی و پێکەوەژیانی گەلان دووپات کردەوە، ئەوان جەختیان لەوە کردەوە کە لەسەر ڕێبازی شەهیدەکانیان بەردەوام دەبن، پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان نیشاندا و ڕایانگەیاند کە بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکەن



PM:03:11:27/05/2026