پژاک لەم قۆناغەدا سیاسەتی نوێ خۆی ڕادەگەیەنێت

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هۆشدارییەکی توند ئاراستەی دەوڵەتانی ناوچەکە و دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە ئەوان هەرگیز باجی سیاسی یان میدیایی بە چەواشەکارانی ڕاستییەکان نادەن، هاوکات ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتەکەش جەخت دەکاتەوە کە سیاسەتی ئەوان زوڵاڵ و دیموکراتییە و ناچنە ژێر باری هیچ فشارێکەوە.

ڕێوار ئاودانان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ڕوونکردنەوەیەکدا هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی پارتەکەیانی ڕاگەیاند و جەختی لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی بڕیارەکانیان کردەوە، ئاودانان ئاماژەی بەوە کرد، ڕێڕەوی سیاسیی ئەوان لەسەر بنەمایەکی جێگیر بەڕێوەدەچێت و کارەکانیان لەسەر بنەمای پڕۆسەی دیموکراتی داڕێژراون، تاکە پێوەریش بۆ جووڵە سیاسییەکانیان تەنها پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردە.

لە پەیامێکی ڕاستەوخۆدا بۆ نەیارەکانیان، ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی پژاک جەختی کردەوە، پارتەکەیان ناچێتە ژێر فەرمانی هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە یان هێزێکی دەرەکی و بە هیچ شێوەیەک تەسلیمی ئەو مەرج و فشارانە نابن کە دەوڵەتانی نەیار یان دەزگا هەواڵگرییەکان دەیانەوێت بەسەریاندا بسەپێنن، هەروەها ڕایگەیاند کە هەرگیز باج نادەن بە هیچ دەوڵەت، ڕێکخراو یان میدیایەکی وابەستە کە دژ بەوان دەوەستنەوە و لە هەوڵی چەواشەکردنی ڕاستییەکاندان.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە بەکارهێنانی چەمکی "میدیای دەستەمۆ" لەلایەن کادیری باڵای پژاکەوە، ئاماژەیە بۆ ئەو کەناڵ و دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە پارەدار دەکرێن و ئەرکیان شێواندنی ڕاستییەکان و هێرشکردنە سەر نەیارەکانیانە، بەم پەیامەش پژاک دەیەوێت بڵێت کە ئەم جۆرە هێرشە میدیاییانە ساردیان ناکاتەوە و ناچنە ژێر بار و مەرجەکانیانەوە.



PM:06:35:27/05/2026