وەزارەتی بەرگریی عێراق، راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاشکرای دەکات کە لە کەرکوک ئۆپراسیۆنیان ئەنجامدا و تیایدا "چەندین چەکداری تیرۆریست کوژران".
چوار شەممە، ٢٧ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "هێزەکانی سوپای عێراق بە پاڵپشتی هێزە تایبەتەکان، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانیان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوەکانیان لە ناوچە جوگرافییە ئاڵۆزەکاندا".
"هێزێکی هاوبەش لە فەوجی دووی لیوای ٤٤ی سەر بە فیرقەی ١١ی سوپای عێراق، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ورد، ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان لە سنووری کەرکووک ئەنجامداوە"، وەزارەتی بەرگری عێراق وا دەڵێت.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە "لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، چەندین چەکداری تیرۆریست کوژران، هاوکات ژمارەیەک مۆڵگە و حەشارگەی چەکداران تێکشکێندران و تەقێندرانەوە، کە وەک ناوەندی پشتیوانیی لۆجیستی و شوێنی حەوانەوە بەکاریان دەهێنان".