ئیدارەی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەردەوامیی فشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر تاران، سزای نوێی بەسەر ئەو دەستە ئێرانییەدا سەپاند کە بەرپرسە لە سەرپەرشتیکردنی گەرووی هورمز، ئەمەش دوای تەنها چەند کاتژمێرێک لە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا لە ناوچەی کەنداو دێت.
ئەم بڕیارە توندەی واشنتۆن دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئێران لە بەندەر عەباس و وەڵامدانەوەی موووشەکیی تاران بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان هات.
بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ڕاستەوخۆ "دەستەی سەرپەرشتیاری جووڵەی گەشتیاری و بازرگانی لە گەرووی هورمز" و سەرجەم ئەو لایەن و کەسایەتییانە دەگرێتەوە کە هاوکاریی ئەم دەستەیە دەکەن یان کاری لەگەڵدا دەکەن. ئەم ڕێکارەش دوای ئەوە هات کە دەستە ئێرانییەکە دەستی کردبوو بە سەپاندنی باج و سەرانەی ناڕەوا کە بڕەکەی دەگەیشتە تاوەکو دوو ملیۆن دۆلار لەسەر ئەو کەشتییە بازرگانی و نەوتکێشانەی کە بە ناو گەرووە ستراتیژییەکەدا تێپەڕ دەبن.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەمبارەیەوە ڕایگەیاند" ئەم کۆتا هەوڵەی سوپای ئێران بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم بازرگانیی دەریایی جیهانیدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە فشارە ئابوورییەکانی سەر تاران کاریگەریی قورسیان هەبووە و دۆخی دارایی ئەو وڵاتەیان تەواو خراپ کردووە."
هاوکات لەگەڵ ئەم سزایانەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە توندکردنی گەمارۆ دەریاییەکانی لەسەر بەندەرەکانی ئێران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە تاوەکو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و یەکلاییکەرەوە، ڕێوشوێنە دارایی و گەمارۆ ئابوورییەکان بەم جۆرە بەردەوام دەبن.
ئەم سزا ئابوورییە نوێیانە لە کاتێکدا دەسەپێنرێن کە دانوستانێکی ناڕاستەوخۆ و چڕ بە نێوەندگیریی وڵاتانی ناوچەکە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بەڕێوەدەچێت بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی داوە کە ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن، وڵاتەکەی دەستبەجێ جەنگ لە دژی ئێران دەست پێ دەکاتەوە.