بەهۆی ئەو کەشە ساردو بەفر بارینەی کوردستانی گرتۆتەوە ١٦ مناڵی ئاوارە گیانیان لەدەستدا.
کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرای کرد کە ئەو ١٦ مناڵە کە بەفەرمی لای ئەوان تۆمارکراون لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی لە هەرێم و، بەغداش گیانیان لەدەستداوە.
ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ مەسرور ئەسوەد بە شەفەق نیوزی رایگەیاندووە کە هەندێک راپۆرتی نا فەرمی باس لە گیان لەدەستدانی ٦٠ مناڵ دەکەن، بەڵام تا ئێستا لای ئەوان ١٦ حاڵەت تۆمارکراون.
ئەو ئەندامەی کۆمسیاران رایگەیاندووە کە بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان ئەو مناڵان بەهۆی سەرماوە دووچاری سکچوون و نەخۆشێ تربوون و گیانیان لەدەستداوە.
لە کوردستان کە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە روویتێکردووە، چەند رۆژێکە پلەی گەرمای هەرێم زۆر نزم بۆتەوەو گەیشتۆتە ژێر سفر و ئاوارەکانی دووچاری کێشەی گەورەی تەندروستی و ژیاری کردۆتەوە.