بەپێی راپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای پاسداران دوو چالاکوانی کورد کە بران و خەڵکی کرماشانن لە ناوچەی داڵاهو دەکوژێت.
پێنج شەممە، ٢٨ ئایار ٢٠٢٦، بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای پاسداران، گوندی قەڵا کەوەشیان گەمارۆدا و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، دەستڕێژی گولەیان لەو ماڵە کرد کە مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی خۆیان تێیدا حەشار دابوو.
بە پێی وتەی شایەتحاڵەکان لە چوار لاوە تەقەیان لە ماڵەکە کردووە و هەردوو براکە دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە، چارەنووسی هاوڕێیەکی دیکەشیان بە ناوی فەرشاد حاتەمیپوور تاوەکو ئێستا نادیارە.
ئەو دوو برایە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و کەسایەتیی ناسراوی کولتووری کرماشان بوون، ئەوان دامەزرێنەری کتێبخانەی گەڕەکی دەڕەدریژی کرماشان و لە ڕێکخەرانی سەرەکیی ئاهەنگەکانی نەورۆزی ناوچەکە بوون. موجتەبا وەیسی جگە لە کاری کولتووری، وەرزشوانێکی ناوداری بواری زۆرانبازیی بوو لەسەر ئاستی پارێزگای کرماشان و خاوەنی چەندین مەدالیا بوو.
مەیسەم و موجتەبا بەهۆی چالاکییەکانیانەوە، لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمەوە لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا بوون و ناچار کرابوون بە پەنهانی و بە شێوەی نهێنی بژین، ئەوان پێشتریش لەسەر چالاکییەکانیان دەستگیر کرابوون، موجتەبا ساڵی ٢٠٢٤ لە کاتی ئامادەکاری بۆ ئاهەنگێکی نەورۆز لە پارکی شیرینی کرماشان دەستگیرکرا. مەیسەمیش لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوودا دەستگیر کرابوو. بەڵام دواتر ئازادکرابوون.