بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیاندراوێکی بەپەلەی بۆ کەشوهەوای سبەی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "کاریگەری خۆڵبارین زیاد دەکات".
بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، پێنج شەممە، ٢٨ ئایار ٢٠٢٦، راگەیاندراوەکەی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا هاتووە "لە ئەنجامی هاتنی شەپۆڵێکی تۆز و خۆڵ لە ناوچەکانی باشوورو رۆژئاوای عێراق . کاریگەری ئەم شەپۆڵی خۆڵبارینە بۆ سەرناوچەکانی هەرێم درێژدەبێتەوە سەرەتا لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای هەرێم ( پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری و دەشتی هەولێر) دەست پێدەکات پاشان لە کاتەکانی سبەی بەیانی ڕۆژی هەینی کاریگەری خۆڵبارینەکە بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم درێژ دەبێتەوە بەگشتی مەودای بینین (٥-٧) کم دەبێت".
"لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ کاریگەریەکەی لاواز دەبێت . هەروەها پێشبینی دەکرێ لە شەوی هەینی لەسەر شەممە کاریگەری تۆزوخۆڵەکە لە سەر ناوچەکانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین زۆر زیاد بکات و مەودای بینین کەمبێتەوە بۆ ٣ کم"، بەڕێوبەرایەتی کەشناسی وا دەڵێت.
لەبارەی کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلەکەوە بەڕێوبەرایەتیەکە وتویەتی "کاریگەرییەکەی تا نیوەڕۆی رۆژی شەممە لەسەر ناوچەکەمان دەمینێتەوە لەگەڵ ئەگەری بارینی کەمێک نمە باران لە ناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان پاشان لەکاتەکانی شەودا کاریگەریەکەی لاواز دەبێت".
بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینیش دەکات کە "پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە بە(٣-٥) پلەی سیلیزی".