دوو برا كه چالاكوانی كولتوری كوردی بون له سنوری كرماشان له ماڵهكهیاندا لهلایهن سوپای پاسدارانهوه كوژران.
رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو بڵاویكردهوه" مەیسەم وەیسی و براکەی موجتەبا وەیسی لە چالاکانی ناسراوی كولتوری كوردی و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی کوردیی دەرەدرێژ لە کرماشان و هەروەها لە شوێنکەوتوانی ئایینی یارسان کە پاش دوایین ناڕەزایەتییەکان بە نهێنی دەژیان، دوای گەمارۆدانی شوێنی ژیانیان لە یەکێک لە گوندەکانی شاری داڵاهۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کوژران. چارەنوسی هاوڵاتییەکی دیکەش کە خاوەنی ماڵەکە بوە هێشتا نادیارە".
رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، له راگهیهندراوێكدا ئاماژە بەوە دەکات، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە، پەناگە و ماڵی حەوانەوەی نهێنیی مەیسەم وەیسی و براکەی موجتەبا وەیسی لە گوندی "قەڵا کەوەش" سەر بە شاری داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە گەمارۆ درا و هێزە چەکدارەکان بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لە چوار لاوە تەقەیان لەم ماڵە کرد و لە ئەنجامی ئەم دەستڕێژە ئامانجدارانەدا، مەیسەم و موجتەبا وەیسی دەستبەجێ گیانیان بەخت کرد.
رێكخراوهكه وتوشیهتی" چارەنوسی یەکێک لە هاوڕێیانی ئەم دوو برایە بە ناوی فەرشاد حاتەمیپور بەتەواوی نادیارە؛ تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی تەندروستی، شوێنی بونی یان ئهگهری دەستبەسەرکردنی ناوبراو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لەبەردەستدا نییە و بنەماڵەکەی بێئاگان لێی".
رێکخراوەکە ئهوهشی خستۆتهڕو، ئەم دوو برایە پێشتر چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانی ناسنامەخوازی و ئایینی خۆیانەوە روبهڕوی سەرکوت بونەتەوە.
هەنگاو بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی گیان لەدەستدانی ئەم دوو برایەی خستۆته ئەستۆی فەرماندەیی سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان و لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی قوڵ سەبارەت بە چارەنوسی فەرشاد حاتەمیپور، داوای کاردانەوەی بەپەلە و کاریگەری کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان و مای ساتۆ، ریپۆرتهری تایبەتی مافی مرۆڤی بۆ کاروباری ئێران، كردوه.