وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند وڵاتەكەی راهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەکات و پسپۆر و راوێژكاری زۆرتر رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 11-1-2015 ، ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا، دواتریش سەردانی پیرمامی كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری پێشمەرگە و مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەشداربوون.
پاش كۆبوونەوەكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن، مەسعود بارزانی رایگەیاند،" سەردانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا نیشانەی بەهێزی پەیوەندی نێوان گەلی كورد و ئەڵمانیایە". سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی داعشیش بارزانی گوتی:" جێگەی شانازییە گەلی ئێمە و پێشمەرگە شكستیان بە چەكدارانی داعش هێناوە". لە بەرامبەریشدا ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن گوتی لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین.
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە كۆنگرەكەدا هەروەها وتی،" راهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەکەین و پسپۆر و راوێژكاری زۆرتر دەنێرین". چاوەڕێدەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا دەنگ لە سەر ئەم داوایەی حكومەتی ئانگێلا مێركل بدات بە رەوانەكردنی 100 سەرباز و پسپۆر بۆ هەولێر.