مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی، دوو برای یاراسانی خەڵکی کرماشان بوون، دووەم ڕۆژی جەژن ئەو ماڵەی تیایدا دەمانەوە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە درایە بەر دەستڕێژی گولە و گەردووکیان گیانیان سپارد، ئەمڕۆ نامەیەکی موجتەبا کە بۆ فێرخوازەکانی کتێبخانەکەی نووسیوە بڵاوکرایەوە.
نامەکەی موجتەبا وەیسی:
"جار جار هەستەکانم بەرەو پەرتووکخانەکە دەفڕن، ئەو جێیەی کە ڕۆحم بۆ پەرتووکەکان باڵ ڕادەوەشێنێت، بیری هەموو منداڵەکانی ناو کتێبخانەکەم دەکەم: مەهیا، مەحبووب، سەنا، ئایلین، سروەناز، حەنا، موبین، دیانا، ئاتوسا، هەستی، ئاڵو، نیگار، ئایدا، تەرانە، هاینە، ئایدین، بەرهەم.
ئایا ڕۆژێک گەورە دەبن و داهاتوویان دەبینم؟ نازانم ئایا دەبمە گەواهیدەری داهاتوو و گەورەبوونیان یان نا، بەڵام لە قووڵایی دڵمەوە بۆ هەر یەکەیان هیوای سەلامەتی، دانایی و ژیانی شکۆمەندانە دەخوازم، خۆشم دەوێن؛ هیوای زانین و هۆشیاری، دووری لە فێڵ و تەڵەکەی مرۆڤەکان، سەرڕێژبوون لە مرۆڤایەتی و لە ئەنجامدا ئازادی، گەڕان بۆ دادپەروەری، خزمەت بە گەل و هەڵوێستێکی بێناوبڕی وەک داربەڕووە کۆن و پتەوەکانیان بۆ دەخوازم، بە ئومێدی دیدارتان لە جیهانی ئازاد و ڕۆشن… ئاوەدانیی وڵات و گەورەبوونی ئێوە، گەورەترین ئاواتی منە، حەقتان لەگەڵ؛ حەق، پشتیوان و پەناتان بێت.
لە هەموو هەلومەرجێکدا، پڕم لە بێهیوایی و شڵەژانی دەروونی، بێهیوایی لەسەر داهاتوویەکی نادیار… بێهیواییەک کە لە نەزانینی ئەوەی چی ڕوو دەدات و لە نەبوونی توانای پێشبینیکردنی چۆنیەتیی ڕوودانی پێشهاتەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ ئایا ژیانی ئەم ستەمکارە کۆتایی پێ دێت، ئایا ئەم سەردەمەی زوڵم و ستەمە بەسەر دەچێت؟ یاخود زاڵمێکی دیکە لە شوێنی ئەو سەر هەڵدەداتەوە؟ ئایا ئەم چەرخە نەفرەتییە دووبارە دەبێتەوە؟ دەسەڵاتی دیکتاتۆر چۆن دەڕوخێنرێت و هەڵدەوەشێنرێتەوە؟
ئایا دەبێت بوێرەکان بە گیان و ماڵیان باجی ئازادی بدەن، بەڵام بێشکۆکان و ترسنۆکەکان ببنە خاوەنی هێز و خۆپەرستی و لەسەر تەختی دەسەڵات و بەڕێوەبردن دابنیشن؟ ئایا دەبێت ئەو مرۆڤە پاک و بێگەردانەی کە شەڕیان کرد و ژیانی خۆیان لەدەستدا، تەنیا وێنەکانیان لە زیندانەکاندا بمێنێتەوە؟ ئایا ئەنجامی هەموو هەوڵ و مردنی هەڤاڵانمان ئەوە دەبێت، کە داهاتووی نەتەوە بکەوێتە دەست ئەو کەسانەی کە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەسەڵاتیان دەوێت؟ لە کاتێکدا دەبێت دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەکار بهێنرێت، لە کاتێکی نزیکدا، کۆت و زنجیرەکانی ئەم کۆیلایەتییە سەرلەنوێ توند دەکرێنەوە…
"سەرنەویکردن شەرمە"
خەمی ڕاپەڕین بۆ شەڕکردن لە دژی زاڵمان، بۆ من سەرچاوەی بێهیوایی نییە؛ بەپێچەوانەوە، ئەوە خۆی ڕەوتی ژیان و مانای ژیانە، لەم جیهانە بەتاڵ و بێمانایەی کە من مانام پێ بەخشیوە، سەرنەویکردن لە بەرامبەر زوڵم و ستەمدا تەنیا لەبەر ترسی مردن و پێویستیی مانەوە لە ژیاندا، جگە لە شەرم هیچی دیکە نییە.
دڵسۆز
پشتیوان و پارێزەری ئێوە.
بەرخۆدان خۆی ژیانە.
ڕاپەڕین خۆی ژیانە".
پێنج شەممە، ٢٨ ئایار ٢٠٢٦، هێزەکانی سوپای پاسداران، گوندی قەڵا کەوەشیان گەمارۆدا و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، دەستڕێژی گولەیان لەو ماڵە کرد کە مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی خۆیان تێیدا حەشار دابوو.
بە پێی وتەی شایەتحاڵەکان لە چوار لاوە تەقەیان لە ماڵەکە کردووە و هەردوو براکە دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە، چارەنووسی هاوڕێیەکی دیکەشیان بە ناوی فەرشاد حاتەمیپوور تاوەکو ئێستا نادیارە.
ئەو دوو برایە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و کەسایەتیی ناسراوی کولتووری کرماشان بوون، ئەوان دامەزرێنەری کتێبخانەی گەڕەکی دەڕەدریژی کرماشان و لە ڕێکخەرانی سەرەکیی ئاهەنگەکانی نەورۆزی ناوچەکە بوون. موجتەبا وەیسی جگە لە کاری کولتووری، وەرزشوانێکی ناوداری بواری زۆرانبازیی بوو لەسەر ئاستی پارێزگای کرماشان و خاوەنی چەندین مەدالیا بوو.
مەیسەم و موجتەبا بەهۆی چالاکییەکانیانەوە، لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمەوە لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا بوون و ناچار کرابوون بە پەنهانی و بە شێوەی نهێنی بژین، ئەوان پێشتریش لەسەر چالاکییەکانیان دەستگیر کرابوون، موجتەبا ساڵی ٢٠٢٤ لە کاتی ئامادەکاری بۆ ئاهەنگێکی نەورۆز لە پارکی شیرینی کرماشان دەستگیرکرا. مەیسەمیش لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوودا دەستگیر کرابوو. بەڵام دواتر ئازادکرابوون