لە دهۆک ١٨ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت


لە پارێزگای دهۆک ڕێژەی زەوییە دابەشکراوەکان بەم زووانە دەگاتە نزیکەی ١٨ هەزار پارچە زەوی کە دابەشدەکرێت بەسەر فەرمانەبەراندا.

رۆژی شەممە، دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک ڕایگەیاند " تا ئێستا نزیکەی ١٣ هەزار پارچە زەوی لە سنووری قەزا و ناحیەکانی دهۆک بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون".

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان ئاشکرایکرد کە هەرچەندە ناوی نزیکەی ٥٠ هەزار فەرمانبەر گەیشتووەتە لایان، بەڵام پڕۆسەی وردبینیکردن بەردەوامە بۆ لادانی ناوی ئەو کەسانەی پێشتر بە هەر شێوازێک لە وەرگرتنی زەوی یان خانوو سوودمەند بوون، چونکە بڕیارەکە تەنها ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا سوودمەند نەبوون".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا بڕیار بەحری وتیشی "بڕیارە لە مانگی ٦ی داهاتوودا و ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی جەژنی قوربان، ٥ هەزار پارچە زەوی دیکە کە تەواوی ڕێکارە یاسایی و هونەرییەکانیان جێبەجێ کراوە، بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن".




PM:07:30:30/05/2026