هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەبەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئیلهام ئەحمەد ئەو هەواڵانەی میدیاکانی تورکیا رەتکردەوە کە ئاماژەیان بۆ گرێدانی کۆبوونەوەیەکی نێوان ئەو و مەزڵوم عەبدی لەگەڵ سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجەلاندا دەکرد، رەتیشیکردەوە کە لە ئایندەی نزیکدا جۆرە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە سازبکرێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ کەناڵی " ئەلحرەی " ئەمەریکی ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەبەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باس لە رێگرییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەو پەیوەندیانە دەکات.
ئیلهام ئەحمەد لەو چاوپێکەوتنەدا جەختدەکاتەوە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کانونی دوەم کە تایبەتە بەدۆسیەی تێکەڵکردنی هێزە چەکدارەکانو یەکخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، " کارێکی ئاسان نییە".
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاشکرای دەکات، بەپراکتیکی لە واقیعدا، بەربەستی کۆنکرێتیو ئاڵۆز هاتونەتە پێش کە ڕێڕەوی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە خاو دەکەنەوە.
ئەو بەرپرسەی رۆژئاوا هۆشداریی توند لەهەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەدات و پەنجەی تۆمەتی بۆ دەزگای هەواڵگریی چەند وڵاتێک (کە ناوی نەهێناون) ڕاکێشاوهو دهڵێت، "ئەو وڵاتانە سەرقاڵی هاندانی سیستماتیکن بۆ لێدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتیو تێکدانی ئەو تەباییەی کە ئێستا لەئارادایە".
لهبارهی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا، ئیلهام ئەحمەد بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، "واقیعی نوێی سیاسی وایکردوە، پێویستییەکی بەپەلە هەبێت بۆ پێداچونەوەی هەمەلایەنە بەسروشتی پەیوەندییو هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکادا".
ئیلهام هەرچەندە پێشوازیی لەمەرسومی سەرۆکایەتی تایبەت بەمافەکانی کورد لەسوریا کرد، بەڵام پێوایە "مەرسومەکە لەهەندێک لایەنەوە کەموکوڕی هەیە، تاکە گەرەنتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مافەکانی گەلی کورد لەناوەڕۆکی هەر دەستورێکی نوێی وڵاتەکەدا بچەسپێندرێت".