وتەبێژی پارتی: ئامانجی سەرەکی ئێمە شکاندنی ئەو بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی یە


وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئامانجی سەرەکی پارتی شکاندنی بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتیەو دەڵێت " حزبەکەی هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان".

رۆژی شەممە، ٣٠ ی ئایار مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە پرسەکانی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، هاوکات گەشبینی قووڵی خۆیشی نیشاندا بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداو، بەستیەوە بە دوا سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا.

لە بارەی بانگەوازەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیەوە، وتەبێژی پارتی وتی "بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی زۆر روونە کە تیایدا داوای نزیکبوونەوەی لایەنەکان و چارەکردنی کێشەکان دەکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی پارتی سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کردووە و ئێستاش دەرگای ئێمە بە رووی هەموو لایەنەکاندا کراوەیە. جەختی لەوەش کردەوە، کە حزبەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسییە.

وتەبێژی پارتی روونی کردەوە: "ئامانجی سەرەکی ئێمە شکاندنی ئەو بەستەڵەکەیە کە دروست بووە، بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەم چەقبەستووییە بهێنین کە لە پرسی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا هاتووەتە ئاراوە. هەموو هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەکان دەخەینەگەڕ."

لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە کوردستانییەکان، مەحموود محەمەد پشتیوانی حزبەکەی بۆ هەر دەستپێشخەرییەک دەربڕی کە خزمەت بە یەکڕیزی بکات و وتی: "ئێمە پشتگیریی لە دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی دەکەین و پشتیوانی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانە بووین کە هەوڵەکانیان بۆ تێکشکاندنی ئەم بەستەڵەکە خستووەتەگەڕ."

سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، مەحمود محەمەد ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک کۆبوونەوەیان پێکەوە کردووەو لەسەر چەند پرسێکی دیاریکراویش گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، مەحموود محەمەد گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە، دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت بەرەو قۆناغێکی باشتر دەچێت."




PM:11:08:30/05/2026