فەرماندەی پاسەوانی سنوری ئێران: لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەوە هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان


فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی سنوری ئێران لەپارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بەفەرمی ڕایگەیاند، هێرشێکی چەکداریی گروپە نەیارەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر یەکەیەکی هێزه‌كانیان لەسنووری شاری (شاڵدێران) تێکشکێندراوە. تا ئێستا هیچ لایەنێکی کوردی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەخستۆتە سەرشانی خۆی.

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ ی ئایار عەمید عەلی ئەکبەر جاودان فەرماندەی پاسه‌وانی سنوری ناوچەی ئازارباینجانی رۆژئاوا ئاماژەی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە بۆ سەر هێزەکانیان کردوو، وتیشی " هێزەکانیان ڕاستەوخۆ بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی چەکداریی زۆر قورس لەناوچەکەدا هاتوەتە ئاراوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیەدا راشگەیاندووە "لەئەنجامی تەقەکردنی چڕی هێزە سنورییەکان، دوو چەکداری گروپە نەیارەکە کوژراون، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش ده‌ریده‌خه‌ن، چەند چەکدارێکی دیکەی هەمان گروپ برینداربون‌و بەهۆی چڕی تەقەکەوە بەرەو ناوچە سنورییەکانی وڵاتێکی دراوسێ هەڵاتون".

" دوای کۆتاییهاتنی پێكدادانەکە، دەستبەسەر بڕێک چەک‌و کەرەستەی سەربازیدا گیراوە".( عەمید عەلی ئەکبەر جاودان وا دەڵێت).

ئەم ناوچانە ئازەری و کورد تیایدا نیشتەجێن و کورد خاوەنی چەندان هێزی چەکدارە، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی کوردی و ئێرانی بەرپرسیاری خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووەو ئەو ناوچەیە زۆر نزیکە لە سنوری تورکیاوەو، بەرپرسە سەربازییەکەی ئێرانیش باس لەوە دەکات چەکداران چوونەتە وڵاتێکی دراوسێ.




AM:12:00:31/05/2026