بەڕێوەبەری بەنداوەکان: لە ٢٢ بەنداوی بچووک و مامناوەند و ٣ بەنداوی گەورە ئاو گلدراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات زیاتر لە ٩ ملیار مەتر سێجا ئاو لە هەرێمی کوردستان گلدراوەتەوە.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر لە سەرەتای وەرزی باران بارینەوە بەشێک لە بەنداوە بچووکەکان پڕبوون و بەنداوە گەورەکان وەک دەربەندیخان ماوەیەکی زۆرە ئاوی لێبەردەدرێتەوە و دوکان ماوە سەرڕێژ ببێت و بەنداوی گۆمەسپان ڕێژەیەکی باشی ئاوی کۆکردووەتەوە بەڵام ناگاتە ئاستی پڕبوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی ٦ەوە بەرنامەی هاوینەی بەنداوەکان بۆ ئیدارەدانی ئاو، بەرهەمهێنانی کارەبا و بەردانەوەی دەستپێدەکات، گوتیشى "بەرنامەکە بەگوێرەی پلانێکی زانستی و بەگوێرەی پێویست بۆ خواردنەوە، کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا بەردەدرێتەوە، پلانەکەی وەزارەت بە هەماهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق".

رەحمان خانی دەڵێت، ئەو بەنداوانەی ئێستا ئاویان لێکۆکراوەتەوە بریتین لە ٢٢ بەنداوی بچووک و مامناوەند و ٣ بەنداوی گەورە ئەوانیش، دووکان، دەربەندیخان و دهۆک هەروەها بەنداوەی گۆمەسپان کە یەکێکە لە بەنداوە گەورەکان.




AM:11:44:31/05/2026