وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، سەرکەوت کاڕەش لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ژمارەی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە لەسەرەتای ئەم ساڵەوە خنکاون.
یەک شەممە، ٣١ ئایار ٢٠٢٦، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە ساڵی رابردوودا ٦٨ کەس بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە و لەمساڵیشدا تاوەکو ئێستا ٢٣ حاڵەتی خنکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەتایبەتی لە زێی گەورە بوون و تەنیا لەم جەژنەشدا دوو کەس لە زاخۆ و سلێمانی خنکاون".
"زۆربەی قوربانییەکانی ساڵی رابردوو تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ و منداڵ بوون، بۆیە داوا لە دایکان و باوکان دەکەم لە کاتی گەشت و سەیراندا زۆر ئاگاداری منداڵەکانیان بن، هاوڵاتیانیش لە کاتی مەلەکردندا ئامرازەکانی سەلامەتی وەک هێلەک بەکاربهێنن و لەو شوێنانەی شارەزاییان نییە مەلە نەکەن چونکە سروشتی ئاوەکانی هەرێم جیاوازە و هەندێکیان زۆر قووڵ، سارد یان تیژڕەون، ، نابێت دوای نانخواردنی زۆر مەلە بکرێت، چونکە مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ دروست دەکات و جەختی کردەوە، هۆکاری سەرەکی زۆربەی رووداوەکان پابەندنەبوونە بە رێنماییەکان سەرەڕای ئەوەی تابلۆی ئاگادارکردنەوە بە سێ زمان لەو شوێنانەدا دانراون"، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوەکردوە کە لە چوار رۆژی جەژن ١٥٥ رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە.
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان داتاکانی ساڵی ٢٠٢٥ ـی ئاشکراکرد کە هەزار و ٣٤٥ رووداوی جۆراوجۆر هەبوون کە ٩ هەزار و ٤٠٢ یان ئاگرکەوتنەوە و ٥٠٨ ـیان لافاو بووە، بەو هۆیەوە ٨٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٦٨ یان بەهۆی خنکانەوە بووە و تەنیا لە سنووری هەولێریش ٢٦ کەس خنکاون.
هەر لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٢ کارمەندی بەرگریی شارستانی گیانیان سپاردووە و ١٨ ئەفسەر و کارمەندیش بریندار بوون، بەڵام تیمەکانیان توانیویانە لە سەرانسەری هەرێم ژیانی هەزار و ١٢٦ هاوڵاتی لە مەترسیی حەتمی رزگار بکەن کە ٢٢یان لە خنکان رزگارکراون.