سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەردەوامیدان بە کارکردنی هاوبەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکاندا دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (٣١ی ئایاری ٢٠٢٦)، عەلی فالح زەیدی، پێشوازیی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، لەم دیدارەدا ئاسۆکانی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگەکانی پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کران، بەتایبەتی گرنگیی زۆر بە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان و کولتووری درا، ئەوەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش کە خزمەت بە گەلانی عێراق و ئەمریکا بگەیەنێت.
عەلی زەیدی، لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە پێویستیی هەبوونی پەیوەندییەکی بونیادنەرانە لە نێوان عێراق و واشنتۆندا کرد، هۆشداریشی دا لەسەر گرنگیی بەردەوامیدان بە کاری هاوبەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پابەندبوونی خۆیان کردەوە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی و هەماهەنگیی بەردەوام سەبارەت بە پرسە جیاوازە دووقۆڵی و هەرێمییەکان، هاوکات دووپاتیان کردەوە کە پێویستە کار بۆ زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و دیپلۆماسی بکرێت لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا.