حەسەکە.. بە کەمپینێکی بەرفراوان پشتگیری لە یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) دەکرێت

ئەمڕۆ لە شارەکانی حەسەکە، تەل تەمر، دربێسێ و زرگان، ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرفراوان بە بەشداریی سەدان کەس و کۆچبەرانی سەرێکانی (کە لە کەمپەکانی واشۆکانی و سەرێکانی نیشتەجێن) بەڕێوەچوو، بەمەبەستی پشتگیریکردن لە یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و چەسپاندنی ستاتۆکەی.

ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی کەمپینی "ئێمە هەموو یەپەژەین و یەپەژە بوونی ئێمەیە” سازکرا، کە لە ٢٦ـی نیسانی ئەمساڵدا لەلایەن پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژئاواوە ڕاگەیەندرا بوو.

ڕێپێوانەکە بە پێشەنگایەتی "کۆنگرەی ستار" لە چوارڕێیانی کەڤۆکی گەڕەکی تەل حەجەرەوە لە شاری حەسەکە دەستی پێکرد و بەرەو چوارڕێیانی "شەهید سەرحەد” لە گەڕەکی موفتی بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئامادەبووان ئاڵاکانی یەپەژەیان بەرزکردەوە و درووشمەکانی "بژی بەرخۆدانی یەپەژە"، "ژن، ژیان، ئازادی" و "یەپەژە بوون شکۆ و ناسنامەی ئێمەیە”ـیان دەوتەوە.

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی سازکرا و دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان، ڕوکسەن محەمەد، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند'' یەپەژە لەسەر فەلسەفەی (ژن، ژیان، ئازادی) دامەزراوە؛ ئێمە تێکۆشانمان کرد و بە سەربەرزییەوە لەگەڵ گەلەکەماندا وەستاین، ئێستاش بە پاڵپشتی دایکانی خۆمان بەردەوامی بە ڕێڕەوەکەمان دەدەین. لە کاتی دامەزراندنی یەپەژەوە، ژنان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا جێگەی خۆیان گرتووە و لەسەر ئەم بنەمایەش خۆمان ڕێکخستووە."

لای خۆشیەوە، سەنا تامر، لە بەڕێوەبەرانی ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستاری شاری تەل تەمر، لە گوتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە ئارامیی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەستراوەتەوە بە ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنان لە چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانی، ئازادی و مافەکانیاندا.

سەنا تامر ئاماژەی بەوەش دا کە دۆزی یەپەژە تەنها لایەنە سەربازییەکەی تێپەڕاندووە و ئێستا بەستراوەتەوە بە ناسنامە، نوێنەرایەتی، ماف و ئەو دەستکەوتانەی کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بەدەست هاتوون، لەبەر ئەوە پێویستە ڕۆڵی ژنان لە بنیاتنانی سوپادا بە کارایی بمێنێتەوە.

ئەم گردبوونەوە جەماوەرییە بە بەرزکردنەوەی درووشمی هاوبەش بۆ سڵاوکردن لە تێکۆشانی یەپەژە کۆتایی پێهات.




PM:10:59:31/05/2026