لە بەردەوامیی ئەو شاڵاوە توندەی کە دژ بە گەندەڵی دارایی لە عێراق دەستی پێکردووە، هێزە ئەمنییەکان بەرپرسێکی دیکەی باڵای کەرتی نەوتیان لە ناو جەرگەی پاڵاوگەی بێجیدا دەستگیر کرد.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئەمنی، هێزێکی تایبەتی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور لە قەزای بێجی و بەڕێوەبەری بەشی دارایی کۆمپانیاکەیان لەناو خودی پاڵاوگەی بێجیدا دەستگیر کردووە.
پڕۆسەی دەستگیرکردنەکە لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا و بێ هیچ کێشەیەک ئەنجام دراوە، پاشانیش تۆمەتبارەکە بەمەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بەرەو بەغدای پایتەخت ڕەوانە کراوە. سەبارەت بە هۆکاری فەرمیی دەستگیرکردنەکەش، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تا ئێستا بە فەرمی هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە میدیاکاندا بڵاونەکراوەتەوە.
ئەم دەستگیرکردنە نوێیە لە کاتێکدایە کە هەر دوێنێ شەممە، هێزێکی تایبەتی ئەمنی توانییان (عەدنان حەمەد حەموود) بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، کە هاوكات بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و پاڵاوگەی بێجییە، بە تۆمەتی گەندەڵی لە ناوچەی ئیسحاقی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر بکەن.
ئەم جووڵە خێرا و کتوپڕانەی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بەرپرسانی کەرتی نەوت، ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندراوەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دێت، کە تێیدا بەڵێنی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێوردبوونەوەی توندی لە سەرجەم گرێبەستە حکوومییەکان دابوو.